ئاوارەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباخ ئاوارەبوون، بە هاوڕێیەتیی هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیا دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
 
ئیرینا ئارەزوومانیان یەکێکە لە ئاوارەکان و دانیشتووی ستیپاناکێرتە، دەڵێت "هیوامان بە هێزە ئاشتیخوازەکانی رووسیایە. ئەگەر ئەوان لێرەبن ژیانی ئێمەش لە ئاسایشدا دەبێت. شەڕ شتێكی خراپە، کارەساتبارە. ئێمە دەگەڕێینەوە و ژیانیشمان باشتر دەبێت. هێزەکانی رووسیا هیوابەخشن، هەموو شتێك باش دەبێت".
 
بەم کاروانە ژمارەی ئاوارەکان کە لە دوو رۆژی رابردوودا گەڕاونەتەوە ستیپاناکێرتی پایتەختی ناگۆرنۆ قەرەباخ، گەیشتە هەزار و 318 ئاوارە؛ بەمەش کۆی ئەو ئاوارانەی کە رووسیا سەرپەرشتیی گەڕانەوەیان دەکات، گەیشتووەتە 33 هەزار کەس.
 
لە 27ی ئەیلوول تاوەکو 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ هەڵگیرسا. لەو جەنگەدا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئەرمینیا لە سەرباز و سڤیل کوژران و لە بەرامبەردا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئازەربایجانیش لە سەرباز و سڤیل کوژران.
 
ئینەیدا ئاساخانیان، ئاوارەیەکی ئەرمینیایە و دانیشتووی ستیپاناکێرتە، باس لەوە دەکات "شەڕەکە شتێكی ترسناک بوو، نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ منداڵەکانمان. ئێمە لە ساڵەکانی نەوەتەوە لێرە دەژین و هەموو شەڕەکانمان بینیون، بەڵام ئەوکاتە منداڵمان نەبوو، ئێستا ئێمە بۆ منداڵەکانمان دەترسین نەک خۆمان".
 
بە نێوەندگیریی خودی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆتاییهات و یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە بڵاوەپێکردنی 1960 سەربازی رووسییە وەکو هێزی ئاشتیپارێز لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
 
ئاوارەیەکی دیکە لەبارەی چوونی هێزی ئاشتیپارێز ئاماژەی بەوە کرد "شتێکی باشە کە ئێوەی هێزی ئاشتیپارێز لێرەن. هیوامان وایە ژیانمان تەنانەت باشتریش ببێت".
 
لە 23ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و لە گەرمەی جەنگەکە، حکومەتی ئەرمینیا رایگەیاند، زیاتر لە 90 هەزار ئەرمەنی لە ناگۆرنۆ قەرەباخ ئاوارەبوون کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی هەموو دانیشتووانی هەرێمەکە.