پیاوێک دەیەوێت بە 28 بوتڵی خواردنەوەی کهولی ماڵێک بکڕێت

رووداو دیجیتاڵ

هەموو ساڵێک لە ئاهەنگی لەدایکبوونیدا باوکی بوتڵێک خواردنەوەی کهولی 18 ساڵەی بە دیاری بۆ کڕیوە، ئێستا لە تەمەنی 28 ساڵیدا دەیەوێت بیانفرۆشێت و خانووێکی پێبکڕێت.
 
ماتیۆ رۆبسۆن لە ساڵی 1992 لە دایکبووە و خەڵکی تاونتۆنی بەریتانیایە، بە درێژایی تەمەنی باوکی 28 بوتڵ ماکالانی بەبەهای 5000 پاوند بۆ کڕیوە و ئێستا ئەوەی کۆی کردووەتەوە نرخەکەی دەگاتە سەروو 40 هەزار پاوند.

 

 
ماتیۆ  زۆر خۆشحاڵە بەوەی بتوانێت بە دیارییەکانی باوکی خانووێک بکڕێت و دەڵێت، ساڵانە بەدیاری بوتڵێکی وەرگرتووە، لەو کاتەشدا تەمەنی کەم بووە و نەیتوانیوە خواردنەوەی کهولی بخواتەوە بۆیە وەکو خۆی هێشتوویەتیەوە و ئێستا دەیەوێت بیانفرۆشێتەوە.
 
ماتیۆ لەبارەی ئەو دیارییەی ساڵانە وەریدەگرت دەڵێت، هەموو ساڵێک وەک دیاریی رۆژی لەدایکبوون وەرمدەگرت، پێموابوو دیارییەکی بچووکە و هەڵمدەگرت بۆ ئەوەی کە گەنج بووم بیخۆمەوە.
 
ئەو دەڵێت لە ژێر رێنمایی توونددا بووە بۆ ئەوەی نەیانکاتەوە ئەویش پابەندی رێنماییەکان بووە و ئێستا هەموو بوتڵەکان ساغن و هیچیان نەکراونەتەوە.

 

 
باوکی ناوی پیتە و  خەڵکی میلناتۆرتی سکۆتلەندایە، دەڵێت یەکەم بوتڵە ویسکی ساڵی 1974ـی بۆ تەڕکردنی سەری کۆرپەکەی لەساڵی 1992 کڕیوە. هەروەها دەڵێت، زۆر سەرنجڕاکێش بوو، دەمویست تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بەردەوام بم و لەو تەمەنە 18 بوتڵی هەبێت، بەڵام درێژەمان پێدا تاوەکو ئێستا و ئەوە بووەتە دیارییەکی بێ هاوتا بۆی.
 

خوارنەوە کهولییەکان لە جۆری ویسکین، مارک لیتلەر کە رازیبووە هەموو بوتڵەکان بکڕێت پێیوایە لە ساڵانی رابردوو نرخی ئەو جۆرە خواردنەوانە گران بوون و گرانتریش دەبن، بۆیە ئەویش دەیەوێت لەو رێگەیەوە قازانجێک بکات. 
 
بەگوتەی مارک لیتلەر بەهای ماکالان لە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵی رابردوو زۆر بەرز بووەتەوە و زۆر خواستی لەسەرە بۆکڕینی.