وەزیری بەرگریی ئەمریکا: گرووپێکی شیعەی سەر بە ئێران هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: دڵنیاین هیرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لەلایەن گرووپێکی میلیشیای شیعەی سەر بە ئێران کراوە، "بەدیاریکراوی دەزانین کامە گرووپە، بەڵام هێشتا سەرقاڵی یەکلاکردنەوەین".
لۆید ئۆستن هۆشداریدا کە ئەمریکا لەوانە خۆشنابێت کە هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنە ئامانج. ئەم گوتانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا دووجار بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، لانیکەم حەوت کەس لە ئەنجامی کەوتنی دوو هاوەن بۆ نێو بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بریندار بوون، پێنجیان سەربازن و دوویان بەڵێندەرن، دوو لە بریندارەکان بۆ چارەسەر گوازراونەتەوە، بەڵام سەرجەم بریندارەکان دۆخیان جێگیرە.
دوێنێ سێشەممە، گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
لۆید ئۆستن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لە گەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئوسترالیا لە ئەناپۆلیس گوتی، "بە هەڵەدا مەچن، ئەمریکا لە هێرشی سەر هێزەکانی لە ناوچەکە خۆش نابێت".
ئەمە سێیەمجارە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو هێرشدەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بەڵام یەکەمجارە برینداری لێبکەوێتەوە.
لە کۆتایی مانگی تەممووز چەند هاوەنێک ئاراستەی بنکەکە کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئەوکات رایانگەیاند، هاوەنەکان بەر بنکەکە نەکەوتوون.