هەورەبرووسکە لە کوبا تانکەرێکی نەوت لە کۆگایەک دەتەقێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هەورە برووسکەوە ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنیی کوبای دەکەوێتەوە و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا، 121 کەس برینداربوون و 17 کەسیش بێسەروشوێنن.
 
بەرپرسانی کوبا دەڵێن، هەورە برووسکەیەک لە نزیک شاری ماتانزاسی پارێزگای ماتانزاسی باکووری وڵاتی داوە و ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە کۆگایەکی سووتەمەنی و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە، 121 کەس برینداربوون کە یەکێکیان وەزیری وزەیە و 17 کەس لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوەش بێسەروشوێنن.
 
بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە دۆخێکی نەخوازراو روویداوە و نزیکەی 1900 کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و چوونەتە شوێنی سەلامەت.
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆبا بڵاویکردەوە، حکومەت داوای لە "وڵاتانی دۆست" کردووە یارمەتیی بدەن بۆئەوەی ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی ئەزموونیان لە بواری کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانەدا هەیە کە لە ئەنجامی رژانی سووتەمەنییەوە دەکەونەوە.
 
کۆگای سووتەمەنییەکە دەکەوێتە دەرەوەی شاری ماتانزاس کە نزیکەی 140 هەزار کەسی تێدا دەژین. وەکو بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، هەورە برووسکەکە لە یەک تانکەری سووتەمەنیی داوە و ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە و دواتریش تانکەرێکی دیکە گڕی گرتووە.
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 65 کەس بەهۆی هەورە برووسکە و کاریگەرییەکانیەوە لە کوبا گیان لەدەستدەدەن.