پارتەکەی لوپێن نزیکە لە وەرگرتنی دەسەڵات، سیاسەتی بەرامبەر کۆچبەران و موسڵمانان چۆنە؟
رووداو دیجیتاڵ
پارتی راستڕۆی تووندئاژۆ، پارتەکەی ماری لوپێن کە ساڵانێک نزیک بوونەوە لێی مەترسیدار بوو لە فەرەنسا، بەڵام گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و راپرسییەکانی بەر لەویش ئاماژەیەکی روون بوون کە خەڵکی فەرەنسا بەهۆی ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕوویان بووەتەوە ئیدی چاو لەوە ناکەن پارتەکە چییە، چاویان لەوەیە کام پارتە دێت و دەیانگیێنێتە کەنارێکی ئارام و کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکات.
خەڵکی فەرەنسا ئەم جارە پارتی راستڕۆی تووندئاژۆ تاقی دەکەنەوە، ئەو پارتەی کە دژە کۆچبەر، دژە موسڵمان و تا رادەیەکیش دڕدۆنگ لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا. گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن سەرکەوت و زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگدەری فەرەنسی پاڵپشتییان کرد.
ئەو چین و توێژانە کێن کە لە گەڕی یەکەم دەنگیان بە پارتەکەی لوپێن داوە؟
%65 لە دەنگدەران پیاوان بوون
%45 لە دەنگدەران خەڵکی شارە ئاوەدان و پێشکەوتووەکانی فەرەنسا بوون
%60 خەڵکی لادێ بوون
%45 خەڵکی خاوەن بڕوانامەی بەرز بوون، کە مەتر نەبووە لە بڕوانامەی بە کالۆریۆس
%70 کرێکاران بوون
%35 ئەوانە بوون کە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 55 ساڵان بوو
سیاسەتی پارتەکە بۆ کۆچبەران
پارتی بەرەی نیشتمانی بەڵێنی داوە ئەگەر بێت و سەربکەوێت و حکومەت بکەوێتە دەستی، سەرجەم یاسا و رێکارەکان بۆ کۆچبەران تووند دەکات.
بەگوێرەی بەرنامەی پارتەکە، سەرجەم ئەو رێکارانە هەڵدەگرن کە دەبنە هۆی رێگریکردن لە دەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کەسانی بیانی و کۆچبەران. هەروەها کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای وەرگرتنی وڵاتینامەی فەرەنسی بۆ ئەو منداڵانەی لە فەرەنسا لەدایک دەبن، بەڵام دایک و باوکیان فەرەنسی نین، هاوکات یاسای یەکگرتنەوەی خێزانەکان سنووردار دەکات. بێجگە لەوەی پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزە تووندتر دەکەن.
سیاسەتی بەرامبەر موسڵمانان
بە رێژە بێت، فەرەنسا زۆرترین موسڵمانی لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا هەیە کە ژمارەیان نزیکەی شەش ملیۆن کەسە. موسڵمانان نیگەرانن لە سەرکەوتنی پارتەکەی لوپێن، بەڵام ئەوان ئەو ژمارەیەیان نییە کە بتوانن ئەنجامی دەنگەکان بگۆڕن، ئەگەر هەمووشیان دەنگ بە چەپەکان بدەن.
لە ساڵانی رابردوو ئیسلامۆفۆبیا لە فەرەنسا زۆر زەقبووەتەوە، هەر لە قەدەخەکردنی باڵاپۆشی تاوەکو سنووردارکردنی چالاکییە ئایینییەکان.
یەکێتیی ئەورووپا
پارتی بەرەی نیشتمانی لە ئێستاوە هەندێ لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرا کردووە و دەیەوێت لە هەندێک رێککەوتن بکشێتەوە، یانیش گۆڕانکاری تێدا بکات، بۆ نموونە، لە پێدانی بودجە بە یەکێتییەکە.
پارتەکە نیازی هەیە دوو تا سێ ملیار یۆرۆ لەو بودجەیە ببڕێت، یان بۆ نموونە دەیانەوێت لە رێککەوتنی (پاریس) کە ساڵی 2015 لە نێوان چەندین وڵاتی زلهێز و پیشەسازیی جیهان واژۆکرا، بکشێنەوە کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.
لوپێن دەڵێت، دەوڵەتانی دیکەش پابەندی رێککەوتنەکە نابن بۆیە ئێمەش ئەو خەرجییە ناخەینەسەر خۆمان.