رێستۆرانتێک لە تایوان بە پێشكێشکردنی گۆشتی برژاوی تیمساح ناوبانگی دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەموددانی خستووەتە نێو گۆشت و چەلاوێک، بەتامی مریشکی برژاو دەیخوات؛ ئەو پیاوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن کە زۆر برسی دیارە، یەکێکە لەو سەردانیکەرانەی رۆژانە لە رێستۆرانتێکی قەزای یونلین لە تایوان گۆشتی تیمساح دەخوات.
هوانگ، شێفی رێستۆرانتەکەیە، دەڵێت: "تیمساحەکەمان شتێکی تایبەتە. رکابەری نییە. تامی وەکو مریشک یاخود بەرازە. دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی سەردانیکەرانمان چیان دەوێت. رای هەر کەسێک لەسەر تامەکەی شتێکی جیاوازە."
گۆشتی تیمساح، بەتایبەتی قاچ و قۆڵەکانی خوازراوی زۆربەی سەردانیکەرانن. گۆشتە سوور و جوانەکە دەخرێتە نێو گۆشتاوی مانگا، کە 40 جۆر بەهاراتی تێکراوە.
هوانگ دەڵێت، ئەگەر قۆڵەکەی بە نموونە وەرگرین، ئەو بەشەی بەتامتر و نەرمترە، ئینجا ئێمە پێستەکەشی هەڵدەگرین، کەوچک دەخەینە دەست سەردانیکەر بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان لێی بخۆن.
لەکاتێکدا هەندێ خەڵک بێز لە خواردنی گۆشتی تیمساح دەکەنەوە، هەر قۆڵێکی بە برژاوی بایی 48 دۆلارە.