پرسی کۆچبەران شەڕی نێوان پارتە راستڕۆکان و چەپەکانی ئەورووپا قوڵتر دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ئەلبانیا پەرلەمانتارێکی چەپی وڵاتەکە دەچێتە بەردەمی و گفتوگۆی لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە لەگەڵدا دەکات و لەبارەی چارەنووسیانەوە پرسیاری لێدەکات کە چارەنووسی کۆچبەران چی لێدێت. 
 
ریکاردۆ ماگی پەرلەمانتارێکی چەپڕۆی ئیتاڵیایە و بووە میوانی ناوەختی جۆرجیۆ میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە ئەلبانیا لە بەردەم ئەو کامپەی لەو وڵاتە بۆ کۆچبەران ئامادەکراوە. 
 
ریکاردۆ ماگی، پەرلەمانتاری ئیتاڵی دوای هەوڵدانێکی زۆر دەگات بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و پێی دەڵێت: "ئەمە هەموو شتێکمان پێدەڵێت سەرۆک، کە چی روودەدات. ئەگەر بەبەرچاوی کامێرا ئەمە بەرامبەر پەرلەمانتارێک بکەن، بێننە پێش چاوتان چی بەسەر ئەو خەڵکە قوربەسەرە دێت کە لێرە زیندانی دەکرێن."
 
میلۆنی بە توانجێک وەڵامی ریکاردۆ دەداتەوە و دەڵێت، کە پارتەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا تەنیا دوو کورسی هەیە و لە پەرلەمانی ئەورووپاش هیچ کورسی نییە.
 
جۆرجیۆ میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە پەرلەمانتارەکەی گوت: "ئەوەت پێدەڵێم؛ بانگەشەی هەڵبژاردنی زۆرم کردووە، نازانم ئاخۆ بەربەستەکە تێدەپەڕێنین یاخود نا. بەڵام تەواو خەمت بۆ دەخۆم."
 
ریکاردۆ ماگی لە وەڵامدا دەڵێ: "تۆ ملیارێک دۆلار لە بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج دەکەی. ئێستا کڵاوی بەربژێربوونت لەسەر بێنە خوارەوە و هی سەرۆکوەزیرانت بخە سەرت."
 
ئەم سەردانەی جۆرجیۆ میلۆنی بۆ ئەلبانیا هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا کە چاوەڕوان دەکرێت پارتە ڕاستڕۆکان لەنێویاندا پارتەکەی میلۆنی کە "دژە کۆچبەر و دژە ئیسلامە"، زیاتر لە 25٪ـی دەنگەکان بەدەستبێنن.
 
هەرچەندە ئەو سەردانەی میلۆنی بۆ ئەلبانیا بانگەشەی هەڵبژاردن بێت یاخود کارێکی سیاسی، لە کۆتاییدا پەناخوازان باجە قورسەکە دەدەن. چونکە بڕیارە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ ئەو کامپەی ئەلبانیا لە کۆچبەران لە بەندەری شینگجین لە ئەلبانیا بکرێتەوە.
 
بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی تشرینی دووەمی 2023 لەنێوان رۆما و تیرانا کرا، سێ هەزار پەناخواز لە ئیتاڵیاوە، دیپۆرتی کامپەکە دەکرێن.