لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، فڕۆکەکەی کامالا هاریس کێشەی تەکنیکیی بۆ دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بە ناچاری دەگەڕێتەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ زیانێک دەنیشێتەوە.
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەمین گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات کە بەرەو گواتیمالا بوو، فڕۆکەکەی لە جۆری ئێر فۆرس دوو، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لەدوای چەند خولەکێکی کەم لە فڕینی، بەناچاری دەگەڕێتەوە و لە فڕۆکەخانەی ئەندرۆ لە دەروبەری واشنتنی پایتەخت دەنیشێتەوە.
هاریس لەدوای دابەزینی لە فڕۆکەکە بۆ میدیا قسەی کرد و رایگەیاند، من باشم و هەموو تیمەکەمان باشن، گوتیشی لەکاتی روودانی کێشەکە هەمووان چەند نزایەکی کورتمان کرد و سوپاس بۆ خودا هەموو شتێك باش بوو.
سیمۆن ساندەرز، گوتەبێژی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەدوای دابەزینی، هاریس بە فڕۆکەیەکی دیکە بەرەو گواتیمالا بەڕێکەوت.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا هاریس جگە لە گواتیمالا سەردانی مەکسیکیش بکات.