راپۆرتێک: دیموکراسی لە جیهان لە پاشەکشەدایە و خۆسەپێنیش لە زیادبووندایە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەم ساڵ لە زیاتر لە 60 وڵات هەڵبژاردن دەکرێت، لە نیوەیاندا دیموکراسی لە پاشەکشەدایە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن دروست دەکات. عێراقیش وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت، لە رووی دیموکراسییەوە پاشەکشەی کردووە، ئەمە لە دوایین راپۆرتی پەیمانگەی V-Demی زانکۆی گۆتنبێرگی سوێدییدا هاتووە. 
 
راپۆرتەکە دەریدەخات کە شەپۆلێک لە پاشەکشەی دیموکراسی و سەرهەڵدانی خۆسەپێنی بە شێوەیەکی بەرچاو جیهانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک 42 وڵات بەرەو خۆسەپێنی دەڕۆن و 71٪ی دانیشتووانی جیهانیش ئێستا لە ژێر فەرمانڕەوایی خۆسەپێنەکاندا دەژین، ئەوە لە کاتێکدایە 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو رێژەیە 48٪ بوو.
 
هەروەها، وەک راپۆرتەکە باسی دەکات، هەڕەشەی سەر ئازادیی رادەربڕین و میدیا، هەڕەشەی سەر هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و کۆمەڵگەی سڤیل، لە سەرانسەری جیهان لە گەورەبوونی بەردەوامدایە. 
 
ستافان لیندبێرگ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی V-Dem دەڵێت، "پاشەکشەی دیموکراسی زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا و باشوور و نێوەڕاستی ئاسیا دەبیندرێت، لە کاتێکدا لە ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبیان، پێچەوانەی تەوژمە جیهانییەکە دەڕۆن و ئاستی دیموکراسییان لە زیادبووندایە."
 
 بەڕێوەبەری پەیمانگەی V-Dem نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، "هەنگاریا بەم دواییانە خێراترین پاشەکشەی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ئەمریکای لاتین، بەرازیل پڕۆسەی خۆسەپاندنی خۆی بە تەواوی گۆڕیوە و ئێستا یەکێکە لەو وڵاتە گەورانەی کە بەرەو دیموکراسیبوون دەچن".
 
ئەمساڵ زیاتر لە 60 وڵات هەڵبژاردنی گشتی دەکەن؛ ئاستی دیموکراسیی 31یان لەدابەزیندایە و تەنیا 3یان لە باشبووندایە. 

 

 
راپۆرتەکە دەڵێت، "سەربەخۆیی ئەو دامەزراوانەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن لە 23 وڵات پێشێل دەکرێت، لە نێویاندا لە هیندستان کە 1.4 ملیار دانیشتووی هەیە. ئەمساڵ، کاتێک بەشێکی هێندە گەورەی جیهان دەنگ دەدات، پاشەکشەی بێوێنەی کواڵیتیی هەڵبژاردنەکان کە لە ساڵی 2023ـدا هەبوو، هێندەی دیکە نیگەرانکەرتر بێت."
 
ئەمریکا کە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تێدا دەکرێت، یەکێکە لەوانەی کە راپۆرتەکە دەڵێت، دیموکراسییەکەی بەرەو پاش چووە. 
 
بە گوتەی راپۆرتەکە، "خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ زیانی بە دیموکراسیی ئەمریکا گەیاند. لە کاتی دەسەڵاتی ترەمپدا هێرش دەکرایە سەر ئازادیی میدیا، سەربەخۆیی دادوەری و چاودێریی جێبەجێکاری. گوتار و کردارەکانی ترەمپ لە ناوهێنانی رکابەرەکانی بە 'مێروولە'ەوە تاوەکو دەگاتە هەڕەشەکردن لە وەزارەتی داد و رۆژنامەڤانان، شتی مەترسیداریان لێکەوتەوە. ترەمپ جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک، دیموکراسی دەخاتە مەترسیی زیاترەوە."
 
عێراق و دەوروبەری
 
لە سەر ئاستی 178 وڵات و ناوچەی جیهان، عێراق لە پلەی 119ـەیەمدا دێت و بە وڵاتێکی خاوەن دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خۆسەپێن پۆلێنکراوە. 
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە مەبەست لەو وڵاتانە ئەوانەن هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت، بەڵام بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراسییان تێدا نییە یان لاوازە، وەک ئازادی رادەربڕین و مافی خۆپێشاندان و هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، 53٪ی دانیشتووانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە خاوەن دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خۆسەپێنن. 
 
تورکیا بە هەمان شێوە لە ریزی وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خۆسەپێندا دێت و لە رووی دیموکراسییەوە لە 20 پلە لە دوای عێراقەوەیە و ریزبەندی 139ـەمینی گرتووە. 
 
ئێران و سووریا لە راپۆرتەکەدا لە پاڵ ئوردن، ئۆزبەکستان، چاد، مالی، کۆریای باکوور و سوودانی باشوور، بە وڵاتانی خۆسەپێنی داخراو پۆلێنکراون.
پێناسەی راپۆرتەکە بۆ ئەو وڵاتانە بریتییە لە هەر دەسەڵاتێک کە بێ بەشداریکردنی پارتی جیاجیا هەڵبژێردرابێت و دەرفەت تەنیا بە چەند لایەنێکی نزیک لە دەسەڵات درابێت خۆیان بەربژێر کەن. 
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە 45٪ی دانیشتووانی جیهان لەو جۆرە وڵاتانەدا دەژین. 
 
لە ریزبەندی دیموکراسیدا ئێران لە پلەی 151 و سووریاش لە خواری خوارەوە لە پلەی 164ـەمدا دێت. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، 10 دیموکراسیترین وڵاتی جیهان ئەمانەی خوارەوەن:
1- دانیمارک
2- سوێد
3- ئیستۆنیا
4- سویسرا
5- نەرویج
6- ئێرلەندا
7- نیوزیلاند
8- فینلاند
9- کۆستاریکا
10- بەلجیکا
 

10 خۆسەپێنترین وڵات ئەمانەی خوارەوەن:
1- ئەریتریا
2- کۆریای باکوور
3- میانمار
4- نیکاراگوای
5- ئەفغانستان
6- تورکمەنستان
7- بێلاڕووس
8- چین
9- تاجیکستان
10- سعودیە
 

عێراق و دراوسێکانی لە رووی دیموکراسییەوە لە سەر ئاستی 178 وڵات:
کوێت (97)
ئوردن (105)
عێراق (119)
تورکیا (139)
ئێران (151)
سووریا (164)
سعودیە (169)