وڵاتانی ئەفریقیا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی ڤاکسیندا لەدوای دواوەن
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەفریقا لە کێبکڕکێی بەدەستهێنانی ڤاکسیندا لەدوای دواوە جێماو.، لە 68 وڵاتی جیهان کە ڤاکسین بەسەر خەڵکەکانیاندا دابەش کراوە، تەنیا 4 وڵاتی ئەفریقی ڤاکسینیان پێگەیشتووە.
شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا بە سووکی بەسەر وڵاتانی ئەفریقیدا تێپەڕی، بەڵام بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بەردەستن دەبێت ئەفریقیا خۆی بۆ شەڕێکی سەخت لە دژی ئەم ڤایرۆسە ئامادە بکات.
عەلی عەون ، دامەزرێنەری پەیمانگەی "ئەفریقاجۆم" دەڵێت: "سەرکردەکانی ئەفریقیا هەوڵێکی جیددییان نەداوە بۆ ئەوەی ڤاکسین لەیەک کاتدا و بۆ خەڵکی ئێرە بەدەستبهێنن. ئەم سەرکردانە خەمساردن. چاوەڕێ دەکەن هێزێکی دەرەکی بێت رزگاریان بکات."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەمێک بوو هۆشداریی دەدا لە بێبەشبوونی وڵاتانی هەژار لە ڤاکسینی کۆرۆنا. وڵاتانی ئەفریقیا لەو بێبەشبوونە پشکی شێریان بەردەکەوێت.
هۆکارەکەشی بۆ شەڕی ناوخۆی چەند وڵاتێک دەگەڕێتەوە، وەکو ئەوەی لە نۆڤێمبەری 2020دا لە ئەسیوپیا روویا، لەگەڵ بوونی گرووپێکی چەکداری وەکو شەباب کە هەمیشە بەربەستن لەبەردەم گەیشتنی یارمەتی مرۆیی.
دواین هۆکاریان نەبوونی ژێرخانی تەندروستییە، بەو پێیەی هەندێک لە ڤاکسینەکان دەبێت لە پلەی ژێر سفری سەدیدا هەڵبگیرێن و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقی تاوەکو ئێستا ئەم ساردکەرەوانەیان نییە.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "سێ چارەکی هەڵمەتەکانی کوتان لە 10 وڵات کراون کە 60٪ـی کۆی داهاتی جیهان پێکدەهێنن. نزیکەی 130 وڵات کە 2.5 ملیار خەڵک تێیاندا دەژی، هێشتا یەک ژەم ڤاکسینیشیان پێنەگەیشتووە."
ئەفریقیا شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی 1.3 ملیار کەسە. بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، زیاتر لە 3.6 ملیۆن کەس لە کیشوەری ئەفریقیا تووشی کۆرۆنا بوون و 92 هەزار کەسیان مردوون.
وڵاتانی ئەفریقیا رووبەڕووی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بوونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2021ـەوە مردن بە کۆرۆنا لە ئەفریقیا بە رێژەی 40٪ زیادی کردووە.
لەو کیشوەرە ئەفریقیای باشوور زەرەرمەندترینی قەیرانی کۆرۆنایە، زیاتر لە 45 هەزار کەسی بە کۆرۆنا مردوون، ملیۆن و نیوێکیشی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لووتکەی یەکێتیی ئەفریقا کە دوو رۆژە بەڕێوەدەچێت، هەموو سەرنجی لەسەر کۆتاییهاتنی شەڕ و ململانێکان و خۆشکردنی رێگەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنایە.