رێککەوتنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن درێژدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی مانەوەی هێزەکانی لە ژاپۆن بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ دەکاتەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ژاپۆن بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژدەکەنەوە. بلینکن گوتی: "ئێمە چوارچێوەیەکی نوێ تایبەت بە مانەوەی هێزەکانمان لە ژاپۆن واژۆکرد بەجۆرێك وەبەرهێنانی زیاتر لە کاروباری سەربازی هاوبەشمان بکەین و هاوئاهەنگی بەرگریکردنمان پتەوتر بکەین"
 
درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای ژاپۆن بوو، ئەوەش لەدوای زیادبوونی نیگەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەڵکشانی هەژموونی چین لە ناوچەی دەریای باشووری چین و ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
 
بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 7-1-2022 واژۆ بکرێت، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت و تێیدا ژاپۆن بەڵێنیداوە ساڵانە ملیارێك و 820 ملیۆن دۆلار خەرجیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدات.
 
لە ساڵی 1957وە، ئەمریکا گەورەترین بوونی سەربازی دەرەکی لە ژاپۆندا بە زیاتر لە 55 هەزار سەرباز و  گەورەترین یەکەی دەریایی هەیە.
 
لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و ئاسیا لەنێویاندا ژاپۆن بە قۆناخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕین، ئەوەش لەدوای رەخنەی تووندی ترەمپ لەو وڵاتانە بە کەمی پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان.