لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 300 کۆچبەر لە فەرەنساوە بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم هەفتەیە بۆ نۆکەندی ئینگلیز ئارام نەبوو، زیاتر لە 300 کۆچبەر بە بەلەم لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندە بەریتانیا، بەدرێژایی ئەم ساڵیش زیاتر لە 37 هەزار کەس لەو نۆکەندەوە پەڕیونەتەوە.
 
بەرنامەی دیاسپۆرا کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات یەکێک لە مژارەکانی بابەتی کۆچبەران و پەڕینەوەیان لە نۆکەندی ئینگلیز بوو.
 
311 کۆچبەر ئەم هەفتەیە بە بەلەم خۆیان گەیاندووە بە بەریتانیا، لەوبارەیەوە وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) دەڵێ: "ئەو کۆچبەرانە بە 8 بەلەمی بچووک توانیویانە لە فەرەنساوە بپەڕنەوە."
 
ئەو ژمارەیەش بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە کۆچبەری بۆ نێو بەریتانیا زۆر کەمن. ئەوەش سەرنجی ئەوانەی راکێشاوە کە بایەخ بە داتاکان دەدەن.
 
بەدرێژایی ئەم ساڵ 37 هەزار کەس گەیشتوونەتە بەریتانیا. کەچی 87 هەزار کەس بە ڤیزەی خێزانی و بە مافی مانەوەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
 
89 هەزار کەسیش لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی مافی مانەوەیان پێدراوە و هێندراونەتە بەریتانیا.
 
بەپێی داتاکانی (فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی)ی بەریتانی، بەدرێژایی ئەم ساڵ 450 هەزار کەس ڤیزای کارکردنیان وەرگرتووە لە بەریتانیا. ئەو ژمارەیە زۆرتر لە 12 جار زیاترە بە بەراورد بە 37 هەزار کۆچبەر کە بە بەلەم چوونەتە ئەو وڵاتە. هەروەها 440 هەزار کەسیش ڤیزای خوێندنیان لە بەریتانیا وەرگرتووە و بەهەردووکیان 24 جار زۆرترن لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم رۆیشتوون.
 
داتا فەرمییەکان ئەوەش دەردەخەن، کە هەموو ئەوانەی بە بەلەم دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن. بەشێکی دیکەی کۆچبەرانی نایاسایی لەڕێگەی بارهەڵگر و کۆنتەینەری نێو کەشتییەکان یان بە بەڵگەنامەی ساختە لە رێگەی سنووری نێوان بەریتانیا و ئێرلاند خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا.