سویسرا 8,500 دەرفەتی کار بۆ دەستی کاری بیانی دەڕەخسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سویسرا بڕیاری داوە بۆ ساڵی 2025یش وەک ئەم ساڵ 8,500 دەرفەتی هێنانی دەستی کار بەردەست بکات.
جگە لەوەش ئەوانەی لە بەریتانیا دەژین و وەڵاتینامەی بەریتانییان هەیە و دەیانەوێ بچنە سویسرا بۆ کار، دەرفەت دەدرێتە 3,500 کەس کە بچن.
ئەنجوومەنی فیدراڵیی سویسرا دەڵێ بۆیە ئەو بڕیارەی داوە چونکە نابێ ئابووریی سویسرا ساڵی داهاتوو کێشەی کەمیی دەستی کاری بۆ دروستببێ.
ئەوانەی ئەو جۆرە مافی مانەوە یان ڤیزای کارکردنە دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە لە بوارێکدا شارەزایی باڵایان هەیە. بەپێی سیستمی سویسری ئەو کەسانە کە دەچنە ئەو وڵاتە مافی مانەوەکەیان جۆری (ئێڵ) دەبێ و مافی مانەوەی کاتییە. دواتر بۆیان دەکرێتە جۆری (بی) و ئەمەیان مافی مانەوەی درێژخایەنە.
داتا فەرمییەکانی سویسرا پێشانی دەدەن کە هەرچەندە ساڵی 2023یش ئەو دەرفەتە درابوو کە 8500 دەستی کاری بیانی ببردرێتە سویسرا، بەڵام نە پار و نە ئەم ساڵیش ئەمە جێبەجێ نەکراوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هەرچەندە تاوەکو ئەو ژمارەیە رێگەی پێدراوە، بەڵام ئەگەر لە بازاڕی کاردا دەرفەتێک دروستبێ، تاوەکو دەستی کاری نێوخۆیی و دەستی کاری ئەوروپی هەبێ، کارەکە نادرێتە کەسێکی دەرەوەی ئەوروپا.