لەنێو خۆپێشاندەرانی ئەلبانیا هێرش دەکرێتەسەر سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە


رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەی 27 وڵاتی ئەوروپی و شەش وڵاتی بەڵکان لە ئەلبانیا کۆبوونەوە. لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا لە شوێنی لووتکەکە خۆپیشاندانیان کرد. سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لەنێو خۆپێشاندەراندا هێرشی کرایەسەر و، بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی سەرۆکوەزیران، وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی ئاساییشی وڵاتەکەی. 
 
سالی بێریشا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەلبانیا گوتی، "سەرکردەکانی ئەوروپا دەبێت بزانن کە ئێدی راما دیزاینەری جینۆسایدێکی راستەقینەیە، چونکە 745 هەزار کەس ئەلبانیایان بەجێهێشتووە. ئەوە دەکاتە 27٪ـی دانیشتووان. زۆر زیاتر لەوانەی لە شەڕی نێوخۆیی سووریا [هەڵاتوون]، زۆر زیاتر لەوەی ئەفغانییەکان و ئەوەی کە رووبەڕووی دەبنەوە. پەیامی ئێمە ئەوەیە کە ئەمە ئەلبانیای راستەقینەیە و ئێمە لێرەین بۆ بەها ئەوروپییەکان. ئێید راما نوێنەرایەتیی چەتەکانی ئەلبانیا دەکات، یەکێکیان ئەمڕۆ لە منی دا بۆ ئەوەی بێ دەنگم بکەن، بەڵام هەرگیز ئەوە ناکەن." 
 
خۆپێشاندانەکانی ئەلبانیا دژی گەندەڵی، بێکاری، هەڵاوسانی نرخەکان و کۆچی بەکۆمەڵی ئەلبانییەکانە.
 
بويا کێچ، یەکێک لە خۆپێشاندەران دەڵێت، "خۆپێشاندانی ئێمە بۆ ئەوەیە کە بزانین بودجەکەمان بۆ کوێ دەڕوات، چونکە دەزانین کە یەکێتیی ئەوروپا زۆر شت بۆ ئەلبانیا دەهێنێت، ئێمە کار دەکەین و بەو پارەیەی کە پەیدای دەکەین ناتوانین هیچ شتێک بکڕین. هەموو شتێک زۆر گران بووە. لەبەرئەوە چیدیکە نازانین چی بکەین بەڕاستی. ناتوانین بچین بۆ خوێندنگە، چونکە پارەمان نییە. ناتوانین هیچ بکەین. لەبەرئەوە ناچارین بڕۆین بۆ ئەڵمانیا و شوێنی دیکە بۆئەوەی کار بکەین و هەندێک پارە پەیدابکەین. لەبەرئەوە بەڕاستی لێرە لە ئەلبانیا دۆخەکە باش نییە." 
 
لە 2022، خۆپێشاندانەکانی ئەلبانیا دەستیانپێکرد و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن، سەرۆکوەزیران و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن. دژبەرانی خۆپێشاندانەکانیش سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن بە رێکخستنی خۆپێشاندانەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تۆمەتبار دەکەن.