کامالا هاریس: دان بە شکستەکەمدا دەنێم
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرە شکستخواردووەکەی دیموکراتەکان لە گوتاری شکستیدا لەبەردەم لایەنگرانی رایگەیاند: دان بە شکستەکەمدا دەنێم، ئامادەم هاوکاریی دۆناڵد ترەمپ بکەم لە رادەستکردنی دەسەڵات دا.
شەوی 07-11-2024 کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرنەکەوتووی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا یەکەم گوتاری لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پێشکێش کرد و رایگەیاند: بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەی کردووە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە لە رادەستکردنی دەسەڵاتەکان هاوکاریی بکات.
هاریس لە گوتارەکەیدا رووی لە گەنجان و لایەنگرانی کرد و گوتی: "دڵم پڕ لە سوپاسگوزارییە، هەرگیز کۆڵمەدەن وڵاتەکەمان شایانی ئەوەیە بۆی بجەنگین."
لە باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ دا کامالا هاریس باسی لەوە کرد: "بە ترەمپم گوت، هاوکاریت دەکەم لە رادەستکردنی دەسەڵات."
"ئەمە بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسییە لە ئەمریکا کە لە هەڵبژاردن شکستمان هێنا، قبووڵی بکەین." جێگرەکەی سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێرەکەی کۆمارییەکان وای گوت.
لەگەڵ داننانی بە شکستەکەی، هاریس گوتی: "بەڵام دان بەوەدا نانێم کە لە بانگەشەکاندا هەموو شتێکمان کرد، هەموو تێکۆشانێکمان کرد."
کامالا هاریس لایەنگران و هاووڵاتییانی ئەمریکای دڵنیاکردەوە کە لە هەوڵدان بەردەوام دەبن، "بەردەوام دەبن تاوەکو ژنەکان بتوانن بڕیار لەسەر جەستەی خۆیان بدەن، نەوەک حکومەت پێیان بڵێ چی بکەن."
"ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین لە پاراستنی قوتابخانەکان لە هێرشی چەک و کوشتن، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دیموکراسی بۆ ئەمریکییەکان." هاریس لە گوتارەکەیدا ئاماژەی پێی کرد.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا بەربژێرە سەرنەکەوتووەکەی دیموکراتەکان سوپاسی خێزان و لایەنگرانی کرد کە متمانەیان پێ بەخشی پێی گوتن: "خۆشمدەوێن."
گوتارەکەی کامالا هاریس دوای نزیکەی 24 کاژێرە لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، یەکەم لێدوانی فەرمیی دیموکراتەکانە لەبارەی ئەنجامەکان.
بەگوێرەی دوایین ئەنجامی بەرایی، ترەمپ ویلایەتێکی دیکەی یەکلانەبووەوە بردەوە، کە ویلایەتی میشیگنە، بەمەش ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی ترەمپ گەیشتە 295 نوێنەر لە بەرامبەر بە 226 نوێنەر بۆ کامالا هاریس.
هەروەها تائێستا، لە کۆی 50 ویلایەت و واشنتن دی سی پایتەخت، ترەمپ 28 ویلایەتی بردووەتەوە، بەرامبەر 19 ویلایەت بۆ هاریس لەگەڵ واشنتنی پایتەخت، ئەمە بێجگە لەوەی هێشتا هەر سێ ویلایەتی نیڤادا، ئاریزۆنا و ئالاسکا ماون دەنگەکانیان یەکلاببێتەوە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تائێستا، ترەمپ زیاتر لە 71 ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە بەرامبەر بە زیاتر لە 67 ملیۆن دەنگ بۆ هاریس.
🔴کامالا هاریس لە گوتاری شکستەکەیدا گوتی: دان بە شکستەکەمدا دەنێم، بە ترەمپیشم گوت، ئامادەم هاوکاریت بکەم لە رادەستکردنی دەسەڵات pic.twitter.com/yu7z88Gjsb
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 6, 2024