رووداو بەرنامەیەکی نوێ لەبارەی داهێنان رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەیەک لەسەر داهێنان رایدەگەیێنێت کە تەنیا باسی ئاییندە دەکات. نامۆ عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی (نێکست) دەڵێت، "ئاییندە، لە رابردوو گرنگترە."
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری پێشووی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتۆن، دەگەڕێتەوە بۆ رووداو بۆ پێشکێشکردنی بەرنامەیەکی نوێی تەلەڤیزیۆنی لەسەر داهێنان. بەرنامەکە، بە ناوی (نێکست)ـە، باسی نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژی و زانستییەکانی جیهان و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە دەکات.
نامۆ عەبدوڵڵا، خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵی رۆژنامەگەرییە. رووماڵی پرسی وەک سیاسەتی ئاسایش، مافی مرۆڤ و کولتووری کردووە. کارەکانی لە دامەزراوە دیارە میدیاییەکانی وەک نیویۆرک تایمز، رۆیتەرز و دەنگی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە. هەروەها دامەزرێنەر و سەرنووسەری پێشووی بەشی ئینگلیزیی رووداوە.
نێکست، بەرنامەیەکە کە دوو هەفتە جارێک رۆژانی دووشەممە کاژێر، 21:00 بەكاتی هەولێر بەهەردوو شێوەزاری کرمانجی خواروو و سەروو لە تەلەڤیزیۆنی رووداو بڵاودەبێتەوە. ڤێرژنەکانی ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی بەرنامەکە لە ماڵپەڕی رووداو، یوتیوب و سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبنەوە.
لە بەرنامەكەدا، نامۆ عەبدوڵڵا هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ پسپۆڕانی پێشەنگ، داهێنەران و توێژەرانی پشت داهێنانە مەزنەكانی جیهان دەکات لە بوارەکانی ژیریی دەستكرد، بایۆتێك، پزیشكی، وزەی نوێبووەوە، بۆشایی ئاسمان و بوارەكاتی دیکە.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەو بەرنامەیە دەڵێت، "زۆر خۆشاڵین بە راگەیاندنی دەستپێکردنی بەرنامەی نێكست، ئەو بەرنامەیە باسی داهاتوو دەکات. دەمانەوێت بە بیرکردنەوە لە داهاتوو، تێڕوانینی کەسەکان بۆ کێشە هەنووکییەکانیش فراوان بکەین، بۆ ئەوەی چارەسەرەکان ئاسان ببن. بیرکردنەوە لە داهاتوو ئاسۆی مرۆڤ فراوان دەکات."
هەروەها سەبارەت بە پێشکێشکاری بەرنامەی نێکست گوتی "نامۆ عەبدوڵڵا هەمیشە هێزێکی گەورە بووە بۆ رووداو، ویستمان ئەم جارەش بەشێوەیەکی جیاواز و بەسوود بۆ هەمووان دەربکەوێتەوە، لەبەرئەوە بە پێویستمان زانی باسی ئاییندە بکات و ئەو بەرنامەیەکی گرنگی بەوشێوەیە پێشکێش بکات، چونکە دڵنیاین دەتوانێت زۆر بە جوانی و بەپڕ نێوەڕۆکی پێشکێش بکات. بەرنامەی نێكست رەنگدانەوەی رووداوە وەك تۆڕێكی میدیایی پێشەنگ و رێچەشکێن بۆ کوردستان و ناوچەكە و دەرەوە."
نامۆ عەبدوڵڵا، لە نووڕۆژ باسی بەرنامە نوێیەکەی دەکات:
ئامانجی نێكست هاندانی بینەرانە بۆ بینین و گفتوگۆکردن سەبارەت بە نوێترین پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەكان و كاریگەرییان لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی. نێكست هانی بینەرانی دەدات بەشداریی گفتوگۆکە بکەن و بۆچوونەكانیان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیای رووداوەوە بڵاوبکەنەوە.
نامۆ عەبدوڵڵا دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵم بە گەڕانەوەم بۆ رووداو بۆ دەستپێکردنی ئەم بەرنامەیە. هەمیشە خولیای داهێنان بووم کە چۆن دەکرێت ژیانمان باشتر بکات و کێشەکان چارەسەر بکات. هیوادارم نێکست ببێتە سەکۆیەک کە لێیەوە بتوانین بەدواداچوون بۆ توانای سەرسوڕهێنەڕی زانست و تەکنەلۆژیا بکەن، هەروەها تاوتوێی هەندێک لەو هەڕەشە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیانە بکەین کە دروستی دەکات."
تۆڕی میدیایی رووداو دامەزراوەیەکی پێشەنگی میدیای کوردییە و خاوەنی تەلەڤزیۆن، رادیۆ و دیجیتاڵ میدیایە. رووداو پابەندە بە گەیاندنی هەواڵ و تێڕوانینی ورد و هاوسەنگ و هەمەچەشن بۆ بینەرانی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی. بنکەی سەرەکیی رووداو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان – عێراقە و، لە چەند وڵاتێکی جیهان نووسینگە و پەیامنێری هەیە.
یەکەم بەرنامەی نێکست، ئەمشەو کاژێر 21:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەکرێت. بەرنامەکە باسی چارەسەری پیریی دەکات، زاناکان دەڵێن؛ نزیکبوونەتەوە لەوەی چارەسەر بدۆزنەوە بۆ بەرگرتن لە پیربوون، جگەلەوە گەنجکردنەوەی پیرەکان. بەرنامەکە دەتانباتە نێو تاقیگەیەکی زانکۆی هارڤەرد، تێیدا مشکێکی پیری کوێر، گەنج دەکرێتەوە و بینایی چاوەکانی بۆ دەگەڕێتەوە.