رووداو لە شوورەی چین؛ بۆ ئەوەی تەواوی شوورەکە بەپێ ببڕیت پێویستت بە 175 رۆژە


رووداو دیجیتاڵ 

بەسەر پەیژەکانی یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان دەکەوین، دەزانین گەشتەکەمان تاقەتپڕوکێن دەبێت، بەڵام ئاشنای دیوارێکی مەزن دەبین کە دوای سەدان ساڵ لە دروستکردنی، تاوەکو ئەمڕۆ ئەندازیارانی تەلارسازی لە ئاستیدا سەریان سوڕماوە.
 
ئەو شوێنە شوورەی چینە، دیوارێکی زەبەلاح کە وادەردەکەوێت بێکۆتایە. لەو گەشتەدا هەر چەند هەنگاوێک پێویستی بە پشوودان هەیە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی پەیژەکە شێوەی ستوونی وەردەگرێت.
 
ڤالێری، هاووڵاتی چینییە و سەردانی دیوارەکەی کردووە، بە رووداوی گوت، "تۆزێک ماندوو بووین، بەڵام شایەنیەتی، چونکە دوای سەرکەوتنی زۆر، دواجار دەگەیتە ئێرە و سوپاسگوزار دەبیت لەبەرامبەر ئەو هەموو دیمەنە جوانە. بۆیە شایەنیەتی. بەڕاستی ئەمە ئەزموونێکی دیکەیە بۆ ئەوەی سوپاسگوزاری جوانیی سرووشت بیت و کاری ناوازە لەسەر ئەم دیوارە مەزنە کراوە." 
 
یەک ملیۆن کرێکار بەشدارییان لە دروستکردنی ئەو دیوارەدا کردووە، لەسەر دیوارەکە 25 هەزار تاوەری چاودێری هەیە کە بۆ چاودێریکردنی هێرشی دەرەکی بەکارهاتوون.
 
دیوارەکە نزیکەی 8 مەتر بەرزە و 5 مەتریش بەرینە.
 
ڤالێری زیاتر قسەی بۆکردم لەسەر سەرسوڕهێنەریی دیوارەکە، گوتی، "من زۆر سەرسامبووم بە ئاڵۆزیی ئەم پێکهاتەیە، چونکە هەتاوەکو لە سەردەمی هاوچەرخیشدا زۆر قورسە بە هەزاران کیلۆمەتر دیوارێکی وەها مەزن دروستبکەیت، ئینجا دروستکردنی لە چاخی دێریندا بەلایەکەوە. بەڕاستی باوەڕم وایە ئەمە پڕۆژەیەکی ناوازەیە." 
 
زیاتر لە یەک ملیار خشت لە قایمترین ماددەکانی چین ئەو دیوارەیان بەساخی هێشتووەتەوە و ئێستا رۆژانە سەرنجی زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار رادەکێشن، ساڵانەش زیاتر لە 10 ملیۆن گەشتیار. 
 
سوهەیل، گەشتیارێکی پاکستانییە و بە رووداوی راگەیاند، "هەستێکی خۆشم هەیە لێرە، زۆر دڵخۆشم. ئەمە شارێکی پێشکەوتووە، هاوکات وڵاتێکی پێشکەوتووشە. زۆر خۆشحاڵم کە لە بەیجینگ ماومەتەوە." 
 
بۆ ئەوەی بە پێ تەواوی شوورەکە ببڕی، پێویستت بە 4210 کاژێر هەیە، یاخود 175 رۆژی بێ وچان.