جووتیارانی چیللی بۆ بارانبارین بە تۆڕ تەم و هەور کۆدەکەنەوە

رووداو - هەولێر

چەندین دەیەیە جووتیارانی هەرێمی چواپا لە چیللی بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بە تۆڕ تەم و هەور راودەکەن. ئەوان لەڕێگەی تۆڕەوە تەمومژی بیابانەکان کۆدەکەنەوە و دەیکەن بە ئاو، بە ئاوەکەش درەخت و رووەکەکانیان ئاو دەدەن.

پێدرۆ هێرنادێز، ئەندازیاری کشتوکاڵی دەڵێت "پێویستە لە کەنار دەریا نزیک بین، چونکە ئەو هەورەی کە ئێمە راوی دەکەین، پێیدەگوترێت هەوری ئاست نزم، لە دەریاوە بەرزدەبێتەوە بۆ وشکانی و بەهۆی باوە دەگوازرێتەوە. بە نزیکەیی هەزار مەتر بەرزدەبێتەوە، نزمترین ئاستیشی 500 مەتر بەرزە، بۆیە هەورەکە دەگوازرێتەوە و راوکەری تەمومژەکە لە بەرزیی 500 بۆ 700 مەتر دادنرێت و دەتوانێت ئەو وردە دڵۆپانەی کە لە هەورەکەدان بگرێت".

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی وشکەساڵییەوە پشتبەستن بەو رێگە باوە بۆ پەیداکردنی ئاو زیاتر بووە، بەڵام هاوکات لەبەر کەمبوونەوەی تەمومژی بیابانەکان ئاوی کەمتر بەدەستدێت، هەر بۆیە جووتیار و ئاژەڵدارەکانی ناوچە بیابانییەکانی چیللی هەوڵدەدەن جێگرەوەیەک بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدۆزنەوە ،کە پێویستیی کەمتری بە ئاو هەبێت. 

دۆمینگۆ ئۆساندۆن، لە کۆمەڵەی کشتوکاڵیی لۆس تۆمێس دەڵێت "ئێستا بارودۆخ و تەکنۆلۆژیاش گۆڕاوە، کەرەستەی مۆدێرن و ماددەی بنەڕەتیی زیاتر پەیدابوون. کاری ئێمە ئەو کاتە باش بوو کە ئەنجامی باشی هەبوو، چونکە ئەو کات ئەوەی کە دەمانویست ئاو بۆ ئاژەڵەکانمان هەبوو".

وشکەساڵی بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە جووتیارانی ئەو ناوچانە واز لە ئاژەڵداری بهێنن و رووبکەنە بەرهەمهێنای رۆنی زەیتوون، کە بەراورد بە ئاژەڵداری کەمتر پێویستیی بە ئاو هەیە. 


داڕشتنەوە: حەکیم داود