لە غەززە بۆ رێگری لە پیسبوونی ژینگە، ئەسپ و گوێدرێژەکان دایبییان بۆ دەبەسترێت
رووداو دیجیتاڵ
لەمەودوا هەر گوێدرێژ یان ئەسپێک لە شەقامەکانی غەززەوە ببینرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دایبی دەکرێت و ئینجا بەرەڵا دەکرێتەوە. ئەمەش نوێترین دەستپێشخەریی رێکخراوێکی لۆکاڵییە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە.
ئەنوەر غەواش، سەرپەرشتیاری بیرۆکەکە دەڵێت، "بیرۆکەکە دروستکردنی دایبی بوو لە چەرم، بۆ ئەم مەبەستە پرسیاری باشترین جۆری چەرممان لە خاوەن ئەسپ و خاوەن گوێدرێژەکان کرد. ئەوانیش گوتیان دەبێت چەرم زۆر باش بێت بۆئەوەی گیاندارەکە ئازار نەدات بەو پێیەی بە درێژایی رۆژ دایبیی پێوە دەبێت."
رێکخراوی سیدس بۆ کولتوور و هونەر بیرۆکەکەی بردە بواری جێبەجێکردنەوە دوای ئەوەی بینیی شوێن نەماوە لە غەززە پاشماوەی ئاژەڵانی لێ نەکەوتبێت.
گۆڕینی دایبی بۆ گوێدرێژ و ئەسپ کارێکی ئاسان نییە، زۆربەی ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، مەشق و راهێنانیان بینیوە.
سەحەر خەتاب، راهێنەر دەڵێت، "رۆژانە پاشماوەی فڕێدراومان لەبەر دەرگای ماڵان، باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان لادەبرد، بەڵام ئێستا شەقامەکان پاکبوونەتەوە، هیچ پاشماوەیەک لەسەر شەقامەکان نەماوە، هەرچەندە بەرەو هاوین دەڕۆین."
گوێدرێژ و عارەبانە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوە و گەیاندنن لە غەززە. بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی، ساڵانە 500 بۆ 600 گوێدرێژ لە میسرەوە هاوردەی شارەکە دەکرێن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی 65%ی شارەکە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و توانای کڕینی ئۆتۆمبێل یاخود توکتوکیان نییە.
نرخی هەر گوێدرێژێک لە غەززە 200 دۆلارە، بەڵام زۆرجار بەهۆی گرتنی دەروازەی کەریم شەلۆم لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، نرخی هەر گوێدرێژێک بۆ 800 دۆلار بەرزدەبێتەوە.