گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیا پەنابەرێکی جەزائیری لە هەوڵی خۆکوشتن رزگاردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کورد کە لە کەمپێکی ئەڵمانیا پەنابەرە، گەنجێکی پەنابەری جەزائیری لە هەوڵی خۆکوشتن رزگاردەکات و دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە زۆر دەستخۆشی لێکراوە.
 
کاوە حەربی عەمەرخان، کە تەمەنی 28 ساڵە و لە مانگی 7ـی ساڵی رابردوو بە مەبەستی گەیشتن بە ئەڵمانیا شاری دهۆکی جێهێشتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا چوومە تورکیا، دواتر بولگاریا، سربیا، بۆسنە، کرواتیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا، دوای ئەوە گەیشتمە ئەڵمانیا و نزیکەی پێنج مانگ لەو رێگەیە بووم."
 
ئەو گەنجە کوردە ئێستا لە کەمپی مۆنستەری ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە تێدا کەسێک لە هەوڵی خۆکوشتن رزگار دەکات، باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی گوێی لە دەنگە دەنگێک دەبێت، لە ژوورەکەی دەچێتە دەرەوە و دەبینێت گەنجێک لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی ئەو کەمپە هەوڵی خۆکوشتن دەدات و دەڵێت، "پۆلیسێک دەستی گەنجەکەی گرتبوو، بەڵام هاواری دەکرد کەسێک بچێت هاوکاریی بکات، خەڵک سەیریان دەکرد و کەس نەدەچوو، بۆیە من چووم و دەستی گەنجەکەم گرت."
 
کاوە حەربی ئاماژە بەوەش دەکات، "دوای ئەوەی کە گەیشتمە لای پۆلیسەکە، ئیدی پۆلیسەکە هیلاک بوو و دەستی گەنجەکەی بەردا و ئەرکەکە کەوتە سەرشانی من. پۆلیسەکە پێیگوتم: ئەگەر دوو خوولەکی دیکە نەهاتبای، نەمدەتوانی زیاتر بەرگە بگرم." 
 
کاوە حەربی عەمەرخان لەبارەی چۆنێتیی رزگارکردنی ئەو گەنجە گوتیشی: "دواتر پۆلیسەکە هاتەوە و بەیەکەوە دەستی گەنجەکەمان راکێشا و دوای ئەوەبوو بەرزکەرەوەیەک هات و گەنجەکەمان هێنایە خوارەوە و رزگارمان کرد."
 
ئەو رووداوە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا روویداوە، کاوە حەربی دەڵێت، دوای رووداوەکە گەنجەکە و دایک و باوکی هاتوونەتە لای و زۆر سوپاسی ئەو هەڵوێستەیان کردووە، هەروەها دەشڵێت، پۆلیس سوپاسی تایبەتی کردووە.
 
ئەو گەنجە کوردە وەکو خۆی دەڵێت، لەڕێگەی چوون بۆ ئەڵمانیا منداڵێکی دیکەی تەمەن پێنج ساڵیشی رزگارکردووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی و گەیاندوویەتییە ئەڵمانیا، لەو بارەوە باسی لەوە کرد، "لە کرواتیا منداڵێکی پێنج ساڵیم بینی کە لە دایک و باوکی جیاببووەوە، لەگەڵ خۆم بردم، لەسەر ئەو منداڵە 11 رۆژ لە بولگاریا مامەوە، ناچار بووم بچمە بۆسنە، سلۆڤانیا و لەوێ منیان گرت و پێنج رۆژ لە ژوورێکدا ماوە و دواتر چوومە کەمپێکی ئەو وڵاتە."
 
بەگوتەی ئەو گەنجە کوردە، دایک و باوکی کوڕە پێنج ساڵانەکە ئاگایان لەوە بووە و داوایان لێکردووە کوڕەکەیان لەگەڵ خۆی بگەیێنێتە ئەڵمانیا. کاوە حەربی گوتیشی: "دایکی کوڕەکە لە ئەڵمانیا بووە و باوکیشی لە بۆسنە بووە و لەڕێگەی ئەوروپا لەیەک جیا ببوونەوە."
 
کاوە ئاماژە بەوە دەکات، دوای بڕینی نزیکەی 7 وڵاتی ئەوروپی خۆیان گەیاندووەتە ئەڵمانیا و دەشڵێت، "لەوێ خوشکێکم هات و پێشوازیی لێکردین و دواتر منداڵەکەی بردەوە لای دایکی و منیش چوومە کەمپ تاوەکو ئێستاش هەر لەوێم."
 
بەگوتەی کاوە حەربی عەمەرخان، ئەو منداڵە نزیکەی سێ مانگ لەگەڵی بووە.
 
لەبارەی ژیانی رۆژانەی لە کەمپی مۆنستەری ئەڵمانیاش، کاوە حەربی باس لەوە دەکات: "چوار مانگە لێرەم و هیچ ئیش و کارمان نییە، ئەگەر بمزانیبا ئەوروپا بەوشێوەیەیە، قەت نەدەهاتم، من پێشمەرگە بووم لە سوپای پێنجی فەرماندەی دهۆک، بەشدارییم لە شەڕی داعش کردووە. ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە وەرمبگرێتەوە، دەگەڕێمەوە و یەک خولەکی دیکەش لێرە نامێنم."
 
کاوە داوا لە گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات کە هیچکات بیر لە جێهێشتنی وڵات نەکەنەوە و دەڵێت: "بستێک لە خاکی کوردستان بە هەموو وڵاتانی ئەوروپا ناگۆڕمەوە و زۆر پەشیمانم کە هاتوومەتە ئەم وڵاتە."