پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بردەوە و 31.6٪ـی دەنگەکانی مسۆگەرکرد. پارتی ئۆپۆزیسیۆنیش رێژەی 16٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیستۆنیا رۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی ریفۆرمی نێوانڕۆی کایا کاڵاسی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە 31.6٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا پارتی ئێکرێی ئەوپەڕی راستڕۆی ئۆپۆزیسیۆن 16٪ـی دەنگەکانی مسۆگەرکردووە.
کاڵاس، لەدوای دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکان گوتی، "ئەمە زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینیمان دەکرد"، جەختیشی لەوە کردەوە "بەهیچ شێوەیەک هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ئێکرێ پێکناهێنین و من خاوەن قسەی خۆمم".
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا 1.3 ملیۆن کەسە. وڵاتەکە هاوسنوورە لەگەڵ رووسیا و پەرلەمانەکەی 101 کورسی هەیە.
گرنگیی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی ناوچەی بەڵتیک لەوەدایە ئەندامە لە هاوپەیمانیی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا و سەرکردەکانیشی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن هاوکاریی سەربازیی زیاتر بدەنە ئۆکراینا.
بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە، پارتی ریفۆرم پێویستی بەوەیە جارێکی دیکە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێک یان زیاتر پێکبێنێت.
دەنگی پارتەکانی دیکە، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان بەمجۆرەیە: پارتی سەنتەری نێوانڕۆی چەپ 14.7٪. ئیستۆنیا 200ـی لیبراڵ 13.5٪، سۆسیال دیموکراتی نێوانڕۆی چەپ 9.4٪ و پارتی ئیسامای راستڕۆش 8.3٪ دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا، کاڵاس رۆژی یەکشەممە گوتی، "پێموابێت ئەمە گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت". گوتیشی پارتەکانی دیکەش، "بێجگە لە ئێکرێ و لەوانەیە سەنتەریش، هەمان رێگەیان هەڵبژاردبێت".
بڕی ئەو هاوکارییە سەربازییەی تاوەکو ئێستا ئیستۆنیا بە ئۆکراینای داوە، 370 ملیۆن یۆرۆیە کە رێژەی 1٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکە پێکدەهێنێت. ئەوەش بە بەراورد بە قەبارەی ئابوورییەکەی، بە گەورەترین بەخشین بە ئۆکراینا دادەنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، قەیرانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لە ئیستۆنیا بەردەوامە و یەکێک لە گەورەترین هەڵاوسانەکانی لە ئەوروپادا تۆمارکردووە، بە جۆرێک هەڵاوسان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتە 18.6٪.