پاپا فرانسیس: ئۆکراینا 'وڵاتێکی شەهیدە' و رووباری خوێن و فرمێسکی تێدا دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی هێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەڵێت، ئەوە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی نییە، بەڵکو جەنگە"، ئۆکرایناش بە "وڵاتێکی شەهید" ناودەبات کە "رووباری خوێن و فرمێسکی تێدا دروستبووە".
لێدوانەکانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە وەڵامی راگەیێندراوەکانی کرملن، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیادایە کە جەخت لەوە دەکەنەوە داگیرکردنی ئۆکراینا "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتە" و مەبەست لێی "داماڵینی ئۆکراینایە لە چەک".
پاپای ڤاتیکان رایگەیاندووە، "لە ئۆکراینا رووباری خوێن و فرمێسک دروستبووە. ئەمە هەر تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە، بەڵکو جەنگێکە کە بەرەو مەرگ، کاولکاری و بەدبەختی و نەگبەتی دەمانبات".
هەفتەی رابردوو پاپای ڤاتیکان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و کردنەوەی رێگەی تایبەت بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و دەربازبوونی خەڵکی کرد.
رۆژی 24-02-2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکەنە سەر ئۆکراینا؛ ئەمڕۆ 11 رۆژە هێرشە سەربازییەکە بەردەوامە و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی زۆر کەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەس لە ئۆکرایناوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و جیهان بوون، هەروەها لانیکەم 351 هاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون و سەدان هاووڵاتیی سڤیلی دیکەش برینداربوون.
سوپاکانی رووسیا و ئۆکرایناش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی کوژران و برینداربوونی سەربازانیان دەخەنەڕوو؛ ئەمەش جگە لەو زیانە ماددیە گەورەی بەر ژێرخانی ئابووریی ئۆکراینا کەوتووە.