لە باشووری ئەفریقا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە رەوشێکی خراپدا دەژین

رووداو - باشووری ئەفریقا

بەهۆی وشکەساڵییەوە، کە رووی لە باشووری ئەفریقا کردووە، پتر لە یەک میلیۆن خێزان لە رەوشێکی خراپدا دەژین. 

بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان نیوەی منداڵانی وڵاتی مالاوی دووچاری بەدخۆراکی بوون.  

هەندێک لە قوتابخانەکان و لانەی بێسەرپەرشتان بە هاوکاری ئاژانسە فریاگوزارییەکانی جیهان، رۆژانە یەک ژەم خۆراک بە سەر منداڵاندا دابەش دەکەن، ئەوەش وایکردووە خەڵکی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بنێرن.  
 
لە ناوچەی سەلیمە خەڵکی لە رەوشێکی مرۆیی زۆر خراپدا دەژین، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە برسا نەمرێت، دەینێرن بۆ قوتابخانە ژەمێک خواردن هەندێک خوێندنیان پێدەدرێت. 

چزیمو پۆ، خوێندکارێکی تەمەن  11  ساڵە و دەڵێت "خواردنی ئێرە زۆر  باشە  و تامی خۆشە".

ئەو خواردنانە رێکخراوی خۆراکی جیهانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی مالاوی دابینیان دەکات. لە لایەکەوە خوێندکاران بەرەو خوێندن رادەکێشێت لە لایەکی دیکەوە، تێریان دەکات و  ناهڵێت دووچاری بەدخۆراکی بن، بەڵام بەپرسانی نەتەوە  یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەهۆی نەبوونی پشتگیری زیاتر ناتوانن بەردەوام بن لە هاوکاریکردن.  ئەمەش واتای منداڵان  دەستبەرداری خوێندن دەبن و هەروەها برسیش دەبن، رەنگە  مافیاكانیش  بە کاریانبهێنن بۆ کاری چەتەیی.