لە سەربازگەیەکی نەمسا شەڕەتەقە روویدا؛ سەربازێک کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

شەڕەتەقە لە سەربازگەیەکی نەمسا روویدا، بەهۆیەوە سەربازێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو. 
 
رۆژی هەینی 6ـی کانوونی دووەمی 2023، مایکڵ بۆوەر، گوتەبێژی سوپای نەمسا لە تویتێکدا نووسی: "کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی ڤیێنا [کاژێر 09:00ـی بەکاتی هەولێر] لە سەربازگەیەکی شارۆچکەی وینەر نووشتاد" لە باشووری ڤیێنای پایتەختی وڵاتەکە دوو سەرباز بووەتە شەڕیان و "سەربازێک کوژراوە و ئەوی دیکەیان بریندارە."  
 
لای خۆشیەوە، میدیای فەرمیی وڵاتەکە لەسەر زاری گوتەبێژی سوپاوە رایگەیاند، پێش ئەوەی تەقە بکرێت، هەردوو پیاوەکە دەمەقاڵێیان کردووە: "دواتر یەکێک تەقەی بە ئاسماندا کردووە پێش ئەوەی بکوژرێت." میدیای وڵاتەکە گوتیشی، سەربازە تەمەن 20 ساڵەکە لەلایەن ئەفسەرێکی لەخۆی پلە باڵاترەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
 
رووداوی لەوجۆرە لە نەمسا دەگمەنن؛ لە ساڵی 2019دا سەربازێکی نەمسایی کە تەمەنی 31 ساڵ بوو، لە هەمان ئەو سەربازگەیە گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن دوو سەگی سوپاوە پەلاماردرا.