چین.. شێفێکی 12 ساڵان خواردنگەیەک بەڕێوەدەبات
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری فویانگ لە چین، خواردنگەیەک لەلایەن شێفێکی دەستڕەنگینی تەمەن 12 ساڵان بەڕێوەدەبرێت.
لە دەست و پەنجەکانییەوە دیارە شێفێکی لێهاتووە. خواردنەکانی لەنێو تاوە سەراوژێردەکات و دەڵێت خەڵک پەنجەی خۆیان لەگەڵ خواردنەکانم دەخۆن.
لیو یوزی 12 ساڵان دەڵێت، "لە قوتابخانە بووم دایک و باوکمم بینی خواردنیان ئامادە دەکرد. ئەمە هانیدام خۆم خواردن ئامادەبکەم، ئێستا هەموو پشوویەکی هەفتە خۆم چێشت لێدەنێم. سەرەتا هەڵەم دەکرد، وەکو کوڵاندنی زۆر یان پاودەری هەڵەم دەخستە نێو خواردنەکانەوە. بەڵام لەژێر رێنمایی دایکم و باوکم وردە وردە فێربووم".
ئەم رێستورانتە سەرچاوەی بژێوی شێفە بچووکەکە و خانەوادەکەیەتی. شێفەکە رۆژانە سەرەڕای کاری خۆی، مێزەکانیش پاکدەکاتەوە. لەهەمووی گرنگتر، لە خوێندنیش بەردەوامە.
وان شانشان، دایکی لیو دەڵێت، "دوای ئەوەی هەموو وانەکانی تەواوکرد یارمەتی ئێمەش دەدات. تەواوی رۆژانی پشوو لەگەڵمان دەبێت و ناڕواتە کۆڵان و نێو منداڵان یاخود دەست بۆ تەلەڤزیۆن و مۆبایل نابات. بەردەوام لە چێشتخانەکە سەرقاڵی چێشتلێنانە".
شێفە بچکۆلانەکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵاتی نێوخۆی چین ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام هیوای لیو ئەوەیە ببێتە شێفێکی نێودەوڵەتی و خواردنەکانی سنووری چین ببڕن.