پووتین: فڕۆکەکەی پریگۆژین بەهۆی تەقاندنەوەی نارنجۆکێک لە نێویدا تێکشکابوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، تێکشکانی فڕۆکەکەی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی پێشووی ڤاگنەر لە مانگی ئابدا، بەهۆی تەقاندنەوەی نارنجۆکێک بووە لەنێو فڕۆکەکەدا.
فڕۆکەکەی پریگۆژین رۆژی 28ـی ئاب لە سانپیترسبۆرگەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە باکووری پایتەختی رووسیا تێکشکا و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا دوو سەرکردەی هەرە باڵای دیکەی ڤاگنەر، چوار پاسەوانی پریگۆژین و سێ ئەندامی دەستەی فڕۆکەوانی.
پووتین لە کۆڕبەندی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی یانەی گفتوگۆی ڤاڵدایی لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەیکرد و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە، لەبارەی مەرگی پریگۆژین گوتی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسی چەند رۆژێک لەمەوبەر پێی رایگەیاندووە کە فڕۆکەکە لە نێوەوە تەقێندراوەتەوە و "ساچمەی نارنجۆک لە لاشەی ئەو کەسانەدا دۆزراونەتەوە کە لە تێکشکانی فڕۆکەکەدا کوژرابوون."
پووتین هیچ وردەکاریێکی دیکەی نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی کە چۆن نارنجۆک لەنێو فڕۆکەکەدا تەقێنراوەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، لێکۆڵەرەکان شتێکی هەڵەیان کردووە کە پشکنینی کحول و ماددە هۆشبەرەکانیان بۆ تەرمی سەرنشینەکانی فڕۆکەکە نەکردووە، لە کاتێکدا کە بڕێکی کۆکاین لە نووسینگەی ڤاگنەر لە سانپیترسبۆرگ دۆزرابووەوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەکە تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە ئاشکرانەکردووە.
چەکدارانی ڤاگنەر لە ماوەی رابردوودا چەکوشی دەستی کرێمیلن بوون و لە سەختترین شەڕەکانی ئۆکراینادا رۆڵیان بینیوە، لەوانەش لە کۆنترۆڵکردنی باخمووت، بەڵام 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ڤاگنەر یاخیبوونی خۆی دژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیاند و بەرەو مۆسکۆ جوڵەی بە هێزەکانی کرد، چونکە پریگۆژین پێیوابوو سەرکردە سەربازییە باڵاکانی کرێملن کار لەسەر نەهێشتنی گرووپەکەی دەکەن.
پووتین پریگۆژین و سەرکردەکانی ڤاگنەری بە "ناپاک" ناوبرد، بەڵام پێش ئەوەی 24 کاژێر بەسەر هەڵگەڕانەوەکەدا تێپەڕبێت، بە نێوەندگیریی ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، ڤاگنەر رازیبوو لە بەرامبەر پاراستنی ژیانی پریگۆژین و چەکدارەکانی، بگەڕێتەوە سەنگەرەکانی. کرێمیلن دوو بژارەی پێدان؛ یان گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی واژۆبکەن یانیش چەکەکانیان دابنێن و بڕۆن بۆ بێلاڕووس.
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش دەڵێت، سەدان چەکداری پێشووی ڤاگنەر ئێستا لە بێلاڕووسەوە دەستیان بە گەڕانەوە کردووە بۆ ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ بکەن و لە نزیک باخمووت چڕبوونەتەوە.