رووداو دیجیتاڵ
عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە یەک ملیار دۆلاری کاشی بۆ بنێرێت، بەڵام بەرپرسانی واشنتن رەتیانکردووەتەوە لەم کاتەدا ئەو داواکارییە جێبەجێبکەن و بە بەغدایان راگەیاندووە، ئەوە لە دژی رێوشوێنەکانی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە رۆیشتنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئەمریکا هەوڵدەدات کۆتایی بە بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکی لە عێراقەوە بۆ ئێران بێنێت، بەڵام عێراق داوای لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا کردووە، یەک ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتەکەی بە کاش بۆی بنێرێتەوە.
لە دوای نەمانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە، ئەمریکا ساڵانە 10 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی عێراقی بە کاش لە رێگەی فڕۆکەوە بۆ بەغدا گواستووەتەوە، بەڵام واشنتن دەڵێت، بەشێک لەو دۆلارە، "بە شێوەیەکی نایاسایی کەوتووەتە دەستی میلیشیاکان، سیاسەتڤانە گەندەڵەکان، هەروەها ئێرانی نەیاری واشنتن."
عێراق بە ئەمریکای راگەیاندووە، پێویستیان بە یەک ملیار دۆلارە بۆ بەهێزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی. "دوای ئەوەی کە مانگی رابردوو واشنتن ئەو داواکارییەی رەتکردەوە، بانکی ناوەندیی عێراق چەند رۆژی رابردوو، داواکارییەکی فەرمیی ئاراستەی واشنتن کردووە، بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هێشتا پەسندی نەکردووە،" ئەمە وەک رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراقییەوە باسی دەکات.
لەبارەی ئەو هەوڵەی عێراقەوە، رۆژنامەکە نووسیویەتی: "ئەم کێشمەکێشەی پشت پەردەکان تیشک دەخاتە سەر پشتبەستنی عێراق بە دۆلار و سیستمی گواستنەوەی دۆلارەوە. بڕێکی گەورەی دۆلار بە بانکە عێراقییە خراپ رێکخراوەکان و نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراودا دەڕوات کە ئەمریکا و هەندێ بەرپرسی عێراقیش دەڵێن پڕن لە گواستنەوەی ساختەکارانە و پارە سپیکردنەوە."
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، واشنتن ناردنی دۆلاری بۆ 18 بانکی عێراقی وەستاندووە و رێوشوێنی توندتری گرتووەتەبەر بۆ جڵەوکردنی گواستنەوەی دۆلار بە شێوەی ئەیلکترۆنی لە ئەمریکاوە بۆ عێراق.
بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە بانکی ناوەندیی عێراقییان گوتووە، ناردنی دۆلار بە بڕێکی گەورە، دژی ئامانجەکانی ئەمریکایە کە دەیەوێت پشتبەستنی عێراق بە کاش کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە گواستنەوەی دۆلاری ئەیلکترۆنی ببەستێت کە دەکرێت ئاسانتر جڵەوبکرێت و بزانرێت بۆ کوێ دەڕوات. بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە، "بەڵگەی بەهێز هەیە" کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بەشێک لەو دۆلارەی بە کاش بۆ عێراق نێردراوە، بە قاچاخ بردراوەتەوە ئێران، تورکیا، لوبنان، سووریا و ئوردن.
گوتەبێژێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوتووە، ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی عێراق بە دۆلاری ئەمریکی بە کاش و کۆتوبەندی نەخستووەتە سەر بازرگانییە ئاساییەکانی عێراق، "ئێمە بەردەوامدەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوکارانمان لە بانکی ناوەندیی عێراقی." هەروەها ئەمریکا پشتیوانی لە هەنگاوەکانی عێراق دەکات بۆ "پەرەدان بە بەکارهێنانی دراوی خۆجێی لە نێو عێراقدا."
رەتکردنەوە داواکارییەکەی عێراق، چەند بەرپرسێکی عێراقیی توڕەکردووە، کە داوایان کردووە یەک ملیار دۆلاری کاش لە داهاتی نەوتیان بۆ بگەڕیندرێتەوە چونکە یەدەگی دۆلاری کاش لە عێراق بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە، لە دوای ئەوەی کە واشنتن کۆتوبەندی خستە سەر ناردنی دۆلار لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکییەوە بۆ بانکەکانی عێراق، کە ئەوەش وایکرد خەڵک بە لێشاو روو لە کڕین و کۆگاکردنی دۆلار بکات، ئەمە وەک بەرپرسان بە رۆژنامەکەیان گوتووە.
لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پێنجشەممە، 5ی ئۆکتۆبەر، کاژێر 17:48، لە بازاڕەکان هەر 100 دۆلار بە 157 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا. لە کاتێکدا لە مانگی تەممووز، 100 دۆلار بەرامبەر بە 147 هەزار دینار بوو. لە بانکی ناوەندیی عێراقی، نرخی فەرمی بە هەزار و 300 دینار بەرامبەر یەک دۆلار جێگیرکراوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دراوە ئەمریکییە باڵادەستەکە وایکردووە نرخی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بەرزبێتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: "ئەو بەرپرسە عێراقییانەی کە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ میلیشیاکان هەیە و بە قووڵی لە گواستنەوەی دۆلاردا رۆچوون، ناڕەزاییان دژی کۆتوبەندە نوێیەکانی واشنتن دەربڕیوە و بە پێشێڵکاریی دژی سەروەریی عێراق ناویان بردوون."
بە گوێرەی رۆژنامەکە، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە سەر بە رێکخراوی بەدری نزیک لە ئێرانەوەیە، رایگەیاندووە: "لایەنی ئەمریکی بیانوو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پارەی یاسایی و رەوای عێراق نەداتەوە."
هەروەها داوود عابد زائر، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی نیشتمانیی عێراق، باسی لەوە کردووە کە داوکارییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کاشی زیاتر، رێوشوێنێکی خۆپارێزییە، "بۆ ئەوەی کاشی پێویستی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵبەز و دابەزی بازاڕ."
بڕیاری ناردنی دۆلار بە لێشاو بۆ بەغدا بە کاش، مەبەست لێی سەقامگیرکردنی ئابوورییەکی عێراق بوو کە دوای دەیان ساڵ لە سزا و لەشکرکێشییەکی کورت بەڵام وێرانکەر، لە داڕمان نزیکببووە.
بانکە عێراقییەکان پەیوەندییەکی "زۆر لاواز"یان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان هەبوو کە رێگەیان پێبدات لە رێگەی کەناڵە بازرگانییەکانەوە دۆلار بەدەستبهێنن.
بۆ ئەوەی ئەو پارە نەختینەیە بگوازرێتەوە، بەرپرسانی عێراقی و راوێژکارە ئەمریکییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2004ـدا ئەو شتەیان دانا کە پێی دەگوترێت "مەزادی دۆلار"، واتە فرۆشتنی رۆژانەی دراوی ئەمریکی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە بەهایەکی دیاریکراو بە بانکە عێراقییەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ ئەوەی بە دینار بیفرۆشنەوە. لە بەرامبەردا دۆلارەکە بە بەهایێکی بەرزتر لە بازاڕدا دەفرۆشرایەوە و قازانجی خێرایان بەدەستدەهێنا.
ئەو سیستەمە لەو کاتەوە وەک خۆی ماوەتەوە. بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی دەڵێن، بووەتە هۆی گەندەڵی و پارە سپیکردنەوە. لە پاڵ ناردنی دۆلار بە کاش، یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 40 ملیار دۆلاری بە ئەلیکترۆنی لە بری بانکە عێراقییەکان بە بانکە بیانییەکان داوە، کە زۆربەیان لە دوبەی-ن؛ ئەو پارەیە بۆ هاوردەکردنی شمەک بووە بۆ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ