کۆچبەرێکی کورد 92 کۆچبەر لە خنکان رزگار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە رێی کۆچبەریدا 92 کۆچبەر لە خنکان رزگار دەکات، کە سەرجەمیان کورد بوون. ئەو گەنجە کە ناوی مستەفا رەشیدە دەڵێت: "خوا منی کردە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو کۆچبەرانە بژین".
 
مستەفا رەشید، گەنجێکی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 14 ساڵ لە قەزای حاجیاوای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ژیاوە، مانگێک پێش ئێستا، بۆ گەیشتن بە ئەوروپا رێگەی کۆچ دەگرێتەبەر و لەگەڵ ئامۆزایەکی لە پارێزگای بۆدروومی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێدەکەون، بەڵام لە رێگە بەلەمەکەیان کە 93 کۆچبەری هەڵگرتووە، بزووێنەرەکەی لەکار دەکەوێت و ژیانی سەرنشینەکان دەکەوێتە مەترسییەوە، مستەفاش بەوپێیەی کە پێشتر کاری فیتەری کردووە، چەند جارێک بزووێنەرەکە چاک دەکاتەوە و ژیانیان رزگار دەکات.
 
مستەفا لە حاجیاوا فیتەر بووە. لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاوای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداودا چیرۆکەکەی گێڕایەوە و گوتی: کە قاچاخچییەکان بەلەمیان بۆ هێنان، گوتیان 70 کەس بەم بەلەمە دەڕۆن، بەڵام کاتێک سەرکەوتن بینیویانە کە 93 سەرنشینی تێدایە.
 
مستەفا دەڵێت: "پێش ئەوەی سەرکەوم، داوامکرد هەندێ کەلوپەلی میکانیکی لەگەڵ خۆم ببەم، نەوەک بەلەمەکەمان لە رێگە پەکی بکەوێت و پێویستمان پێیبێ، بەڵام قاچاخچییەکان قبووڵیان نەکرد و گوتیان بەلەمەکە نوێیە و پێویستی بەوە نابێت".
 
بەڵام قسەی قاچاخچییەکان راست دەرناچێت. بە گوتەی مستەفا لە رێگەدا، بەلەمەکەیان حەوت جار پەکی دەکەوێت و ژیانی سەرنشینەکان دەکەوێتە مەترسییەوە، "بەڵام هەموو جارێک بزووێنەری بەلەمەکەم چاکدەکردەوە. خوا منی کردە هۆکارێک بۆ رزگاربوونی ژیانی ئەو کۆچبەرانە".
 
دوای شەش کاژێر لە رۆیشتن بەنێو دەریادا، بەلەمەکەیان دەکوژێتەوە. مستەفا دەڵێت، "سەرەتا کە بەڕێکەوتین، کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک شەپۆلێکی بارانبارین دەستیپێکرد و شەپۆلی دەریاکە زۆر بەرز و گەورە بوو، لەنێو شەپۆلەکاندا ماتۆڕی بەلەمەکە کوژایەوە، کاتێک ئەوە روویدا، وامانزانی خۆیان ئەو کارەیان کردووە، بەڵام دەرکەوت کە بەهۆی گرفتێکەوە کوژاوەتەوە، کۆچبەرێکمان کە ئینگلیزی دەزانی، قسەی لەگەڵ بەلەمەوانەکان کرد و پێیانگوت کە بزووێنەرەکە بەهۆی گرفتێکەوە کوژاوەتەوە و ناشزانین چاکی بکەینەوە و گوتیان دوو رێگەمان لەبەردەمە، یان خۆمان رادەستی پۆلیسی یۆنان بکەین، یان لەنێو شەپۆلە مەترسیدارەکاندا بمێنینەوە".
 
مستەفا رەشید ئاماژە بەوە دەکات، داوای لێکردوون رێگەی پێبدەن کێشەکە چارەسەر دەکات و بزووێنەرەکە چاکدەکاتەوە، ئەوانیش بزوێنەرەکەیان پێ پێشانداوە.
 
مستەفا گوتی: "بینیم بزووێنەرێکی چوار سلندەرە، گوتم: خەم مەخۆن، کاری بزووێنەرەکە ئاڵۆز نییە و چارەسەر دەبێت. سەرەتا ویستم بەشێوەیەکی کاتی چاکی بکەمەوە تاوەکو لەنێو شەپۆلە سەختەکان رزگارمان دەبێت و دەگەینە شوێنێکی ئارام بۆ ئەوەی بەشێنەیی کاری تێدا بکەم، دوای نیو کاژێر کارکردن، توانیم چاکی بکەمەوە، بەڵام دوای شەش کاژێر، جارێکی دیکە کوژایەوە، سەرنشینەکان زۆر ترسان، منیش دڵم دانەوە و گوتم پشت بەخوا چاکی دەکەمەوە".
 
مستەفا بەهاوکاریی کۆچبەرێکی دیکە، جارێکی دیکە دەست بە چاککردنەوەی بزووێنەری بەلەمەکە دەکات و دەڵێت: "دوای ماوەیەک کارکردن تێیدا، جارێکی دیکە توانیم چاکی بکەمەوە، کە ئەوەیان زانی، سەرنشینەکان دەستیان کرد بە چەپڵەڕێزان و زۆر دەستخۆشییان لێکردم.".
 
سەبارەت بە سەرنشینەکانی بەلەمەکەش، مستەفا گوتی: "سەرجەمیان خەڵکی سنووری راپەڕین بوون، تەنیا من و ئامۆزایەکم خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بووین".
 
دوای ئەوەی چەندجارێک بزووێنەری بەلەمەکە لەکار دەکەوێت و مستەفا چاکی دەکاتەوە، سەرەنجام دەگەنە ئیتاڵیا و ئێستا مستەفا لە فەرەنسا نیشتەجێ بووە.
 
لەبارەی مانەوەیان لەناو دەریاش گوتی: "شوێنەکەمان زۆر مەترسیدار بوو، ئەگەر بزووێنەرەکەمان چاک نەکردبا، ئەگەری ژێرئاوکەوتنمان زۆر بوو، چونکە شەپۆلەکان زۆر بەهێزبوون، لە هەندێ شوێن شەپۆلەکان نزیکەی 10 مەتر بەرزدەبوونەوە".