هێشتا ماویەتی؛ کۆچ لە کوردستانەوە و ئازاری سەر سنوورەکان لە ئەورووپاوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هیڤیدار ئەحمەد ئەمجارە چووەتە جەنگەڵەکانی دانکیخ لە باکووری فەرەنسا، ئەو وێستگەیەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی جیهان بە بەریتانیا دەگەیێنێت. لەوێ، قاچاخچیی کورد حوکم دەکات. هیڤیدار تەواوی رێگەی کۆچ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ نۆکەندی ئینگلیز پێشان دەدات. 
 
هاونیشتمانییان رێگەی چەندین وڵات دەبڕن تا دەگەنە باکووری فەرەنسا. ئەو شوێنە دوایین خاڵی وشکانییە و ئەوەی لە پێشیانە نۆکەندی ئینگلیزە کە فەرەنسا و بەریتانیا لەیەکدی جیادەکاتەوە. لە نزیکترین خاڵدا دووریی ئەمبەر بۆ ئەوبەری نۆکەندەکە 34 کیلۆمەترە. کۆچبەران لە دانکیخ خێوەتیان هەڵداوە. چاوەڕێی هەڵهاتنی خۆرێکی نوێن بۆ ئەوەی لەگەڵ گزنگی بەرەبەیان بچنە نێو بەمەلە چووپەکانیانەوە و خۆیان بدەنە دەست بەزەیی دەریا و قاچاخچی. 
 
ئەو کاتەی رێگەی کۆچکردن دەگریتەبەر، مردنی حەتمی لەسەر سنووری ئەو وڵاتانەی دەیانبڕی تاوەکو دەگەیتە ئەورووپا، لە پێشە. 
 
جەنگەڵی دانکیخ لە باکووری فەرەنسا لەسەر سنووری دەریایی لەگەڵ بەریتانیا، پڕن لە کۆچبەر، زۆرترینیان خەڵکی باشووری کوردستانن. لە تەنیشت هەر دارێک کۆچبەرێک هەیە.
 
ژوان مێرمنداڵێکی 11 ساڵانە، بەتەنیا سەری خۆی هەڵگرتووە، لێم پرسی بۆ بەتەنیا هاتووی، گوتی: "پێمخۆش بوو، بە تەنیا هاتووم".
 
سەردانی باکووری فەرەنسام کرد کە شوێنی پەڕینەوەی کۆچبەرانە بۆ بەریتانیا، هەروەها سەردانی باشووری ئیتاڵیاشم کرد، دروست هەرێمی کالابێریا شوێنی گەیشتنی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئیتاڵیایە.
 
جەنگەڵستانی دانکیخ کە 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا، شوێنی قاچاخییەکان و کۆچبەرانە. ئەوێ بەمانای وشە جەنگەڵە و یاسا تێیدا سەروەر نییە. ئەوەی لەو جەنگەڵە حاکمە، قاچاخچییەکانی باشووری کوردستانن. بەبێ ئەوان کەس ناتوانێ بەوێدا تێبپەڕێت یان حوکم بکات.
 
قاچاخچییەکانی ئەو جەنگەڵە گوتیان: "40٪ی ئەوانەی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا کوردن. لەنێو کوردیش 30 بۆ 40٪ی خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیشیان زاخۆ و بادینان".
 
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە: "تەنیا لە 2023 زیاتر لە (20 هەزار کەس وەک کۆچبەر لەرێگەی سنوورەکانی فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا". هەنگاوەکان بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لەنێوان هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا تووندکراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی 19.8٪ی چوونی کۆچبەران لە 2023 کەمببێتەوە لە چاو ساڵی 2022.
 
چیرۆکی شکانی یەختی کۆچبەران لە کەنارەکانی ئیتاڵیا لە 15/6/2024 کە لە کۆی 76 کەسی نێو یەختەکە تەنیا 11 کەس رزگاربوون، هێشتا شۆک و کاریگەرییەکەی نێو ئیتاڵیا هەر ماوە.
 
لەم بەرنامەیەدا بۆ یەکەمجار دیوە شاراوەکانی نێو یەختەکە، دروست هۆکاری شکانی یەکخەتەکە باس دەکەین. یەکێک لەو کۆچبەرانەی بووەتە قوربانی ئەو یەختە و گیانی لەدەستداوە وەک لە یەکێک لە رزگاربووەکان بۆی گێڕامەوە گوتی: "قورئانی پیرۆزی پێبووە و بە شەو قورئانی بەرزکرد و پڕ بەدەنگی هاواریکرد و گوتی: "خودایە چۆن یونس پێغەمبەرت لەنێو دەریا رزگار کرد ئێمەش رزگار بکەی"، بەڵام ئەو پیاوە دواجار هێزی تێدا نەما، گیانی لەدەستدا و شەپۆڵەکانی دەریا لەگەڵ خۆی برد".
 
هاواری ئەم قوربیانییە و ئەوانەی دیکەی بوونەتە قوربانی بۆ ئەوە بوو بگەن بە ئەورووپا، بەڵام مردنێکی حەتمی لەرێگەی ئەواندا بوو، مردن خەونی ئەوانی لەنێو دەریادا پووچەڵکردەوە.
 
سەرباری هەموو ئەم قوربانییانە لەرێگەی کۆچکردندا بەرەو ئەورووپا، چوومە باشووری کوردستان، لەشاری رانیە لە خەڵکم پرسی، ئەم هەموو تراژیدیایە لەرێگەی کۆچکردندا هەیە، هەر کۆچ دەکەن؟ 
 
دەقی گێڕانەوە و گفتوگۆی نێو بەرنامەکە:
 
ئەمجارە لە پاریسم لو پایەتەختی فەرەنسا شارێکی خۆشە، مەئوای فەرەسنییەکان و خەڵکی دونیاشە، ئاستی ژیان و خوشگوزەرانی لە پاریس بەرزە.
 
هێزی چەکدار تەناهی پارێز و فرەڕەنگی دەپارێزن. من بۆ پاریس نەهاتووم، دەچمە جەنگەڵی دانکیخ، ئێشم بەو کۆچبەرانەیە کە لەوێوە خەونی پەڕینەوەیان هەیە بەرەو بەریتانیا، هەر وام کرد، زۆری نەخایاند پاریسم بەجێهێشت. 235 کیلۆمەتر بەرەو باکوور رۆیشتم. لە ناو شەمەندەفەڕەکەدا هەر بیرم دەکردەوە، لەبەرخۆمەوە دەمگوت: "بۆ گەنجی کورد کۆچ دەکەن؟ ئەورووپا چیان بۆ دەکات، خەونی ئەوان لێرە دێتە دی؟" 
 
دوو کاژێر بەڕێوە بووم دواجار گەیشتم.
 
ئێرە شاری دانکیخە، هەر دابەزیم بەسەر ئەم وەزعەدا کەوتم. 
 
ئەم دوو کۆچبەرە کوردن، دەست پۆلیس کەوتوون، ویستم قسەیان لەگەڵ بکەم، پۆلیس گوتی "نا نابێت"، ئیدی هەردووکیانی برد. 
 
هێڤیدار ئەحمەد: بۆ کوێ دەچن؟ دەچنە بەریتانیا؟ ئەوە چەندە لە رێگادان؟ لە ئیتاڵیاوە هاتوون؟
 
نۆکەندی ئینگلیز لەسەر ئەم شارەیە، لەم پاسە سەردەکەوین، دەمانباتە جەنگەڵستانێک، ئەوێ مەنزڵی کۆچبەرەکانە، خاڵی دەرچوونە بەرەو بەریتانیا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێرە خاڵێکی کۆتاییە بۆ دەستپێکردنێکی نوێ بۆ پەنابەران. ئەوانە بەرەو بەریتانیا دەڕۆن، خەڵک ئێستا ئێمە دەبینن دەڵێن ئەوانیش پەنابەرن.
 
زیاتر چوومە نێو قووڵایی جەنگەڵستانەکە، قاچاخچی کاربەدەستی ئێرەن، کەس لە فەرمانی ئەوان دەرناچێت، ئەم بەرەیە هەمووی لە دەستی ئەواندایە.
 
لەنێو دڵی جەنگەڵ، ژوانم بینی، منداڵێکی 11 ساڵ منی تاساند، مێرمنداڵێکە دەبوو لە باوەشی دایکیدا بێ، کەچی بە تەنیا لێرەیە بە تەمای چووپ و پەڕینەوەیە.
 
ئێستا ئێرە هەموو شوێنی پەنابەرانە لەنێو ئەو جەنگەڵستانە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ناوت چییە؟
 
مێرمنداڵەکە: ناوم ژووانە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ بەتەنیا هاتی؟
 
ژوان: بۆخۆم پێم خۆش بوو. ئەوەش بەتەنیا هاتووە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە هەردوو بەتەنیا هاتوون؟
 
مێرمنداڵێکی دیکە: ئەرێ وەڵڵا
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی خێزانی ئێوە؟
 
مێرمنداڵەکە: کەس لەگەڵ ئێمە نەهاتووە هەر بە تەنیا هاتووین. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: دایکت، باوکت، برا و خوشکت؟
 
مێرمنداڵەکە: ئێمە بە خۆمان هاتووین. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: لە کوردستانەوە خۆتان هاتوون هەتا ئێرە؟
 
ژوان: ئەرێ.
 
هیڤیدار ئەحمەد: کەی سەفەر دەکەن؟
 
کۆچبەرێک: وەڵا نازانین، دیار نییە. جەو خۆش بێت دەڕۆین.
 
هیڤیدار ئەحمەد: جەو خۆش بێت؟
 
کۆچبەرێکی گەنج: ئەرێ وەڵڵا
 
هیڤیدار ئەحمەد: هەتاو بێت؟
 
کۆچبەرێک: ئەرێ وەڵڵا. هەندێ جار، بە دوو سێ جار دەڕۆی دەرناچی.
 
کۆچبەرێکی دیکە: پۆلیس چووپەکە دەتەقێنێت. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: چەند جار رۆشتوون و دەرباز نەبوون؟
 
کۆچبەرێک: وەڵڵا دووجار، دووەم گێممانە. 
 
کۆچبەرێکی دیکە: ناخۆشە کە دەچینە نێو ئاو و چووپەکە دەتەقێنن. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەدی خۆشییەکە چییە؟
 
کۆچبەرێک: خۆشییەکە ئەوەیە سەردەکەوی و دەڕۆی. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێستا رێگایەکی زۆرت بڕیوە و داریش دەبڕی. 
 
کۆچبەرێک: ئەرێ وەڵڵا. ئینشائەڵڵا و بەتەمای خودا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: دار دەبڕی بۆ ئەوەی خۆت گەرم بکەی، رێگاش دەبڕی بۆ تۆ خۆشە بگەیە ئەو بەر؟
 
سیاوەش: ئەرێ وەڵڵا خۆشە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ خۆشە؟
 
سیاوەش: ئەگەر بگەیتە جێگەی مەبەست خۆش نییە؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئااااااااا... هەموو خەونەکەت ئەوەیە بگەیتە ئەو بەر؟
 
سیاوەش: ئینشائەڵڵا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ناوت چییە؟
 
سیاوەش: سیاوەشە وەڵڵا
 
هیڤیدار ئەحمەد: سیاوەشم وەڵڵا، زۆر خۆش گوتی.
 
هاوینە، بەڵام ئێرە ساردە، ئەم کوڕە کوردانەی رۆژهەڵات ئاگریان کردووەتەوە. خۆیان گەرم دەکەنەوە. دانیشتن لەگەڵیان خۆش بوو، هەموو خوێندەوار و خاوەن منداڵن، ژیانی سەخت راپێچێ ئەم رێگا دوور و بەختیەی کردوون.
 
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ ئەم گەنجانە هەموو کۆچ دەکەن؟
 
شوان سەردەشتی: کاتێک گەنجێک نەتوانێ خەرجیی گیرفانی خوی دەربهێنێت، پێی شەرمە بە باوکی بڵێت پارەم دەوێ، باوکی پارەی نەبێت خەرجی ماڵی بکات، چی بکات؟ کاتێ کار نەبیت بکات چی بکات؟ ناچارە بەرەو ئەورووپا کۆچ بکات.
 
بەڵام گەنجەکانی باشووری کوردستان چی، ئەوان بۆ کۆچ دەکەن؟ کێشەیان چییە؟ بۆ کەس بەرپرسیارییەتی ئەوان هەڵناگرن!
 
ئەم هەموو کۆچبەرە، لە پڕا وەک خەبەرێکی بە پەلەیان بیستبێ هەر یەکە لە جێێ خۆیوە رایکرد، بینیم بۆ نۆرەگرتنی خواردنە، رێکخراوانی خێرخوازی نانی بەلاش دەبەخشن. ئێستا خەونیان گۆڕواوە، لەم جەنگەڵە شەرە لە پێناو مانەوە و تێربوون. 
 
لێرە هیچ دەنگێک هیندەی دەنگی سکی برسی بەرز نییە، ئەم سەرە درێژە و پەلاماردانە بۆ وەرگرتنی نانە.کە خواردنەکە دەگات، نۆرەگرتن وەک خۆی نامێنێ، دەبێتە پاڵ پاڵێن و پەلاماردان، ناچارن وا بکەن.
 
خواردن بۆ ئەم مێرمنداڵە بووەتە سیمبولی خۆشی. دەمەوێ لەو خێزان و گەنجە کوردانە بپرسم، بەڕاست بۆ کۆچ دەکەن؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: خەڵکی چ شارێکی؟
 
پێشەوا (باوکی رۆهان): خەڵکی سلێمانیم.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێرە بۆ تۆ خۆشە؟
 
پێشەوا (باوکی رۆهان): وەڵڵا عەیبی نییە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن؟
 
پێشەوا (باوکی رۆهان): لە سلێمانی هەر بێ کار بووین، لێرە بەس نییە بەبەلاش خواردنت دەدەنێ، عەیبی چییە؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێرە خۆشترە یان کوردستان؟
 
پێشەوا (باوکی روهان): وەڵڵا ئێرە بۆ من خۆشترە، ئەوەندە سوورییان هێناوە شارەکەمەوە، دەرفەتی کارکردنی بۆ ئێمە نەماوە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێستا تۆش دەچیتە وڵاتێک دەڵێن ئەوە کۆچبەر هاتنە ئێرە و کار بۆ ئێمە ناهێڵن.
 
پێشەوا (باوکی رۆهان): وەڵڵا وا نییە، بەردەوام خەڵک وەردەگرن و ئەو کارەی کورد دەکات، خۆیان نایکەن.
 
هیڤیدار  ئەحمەد: هیچ پەشیمان نیت کە هاتووی؟
 
پێشەوا (باوکی رۆهان): نە وەڵڵا، من کاتێک بڕیارم دا، ئەو پەڕی بێ ئومێدیم بوو.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێستا ئەو خێزانە نوێن گەیشتوونەتە ئێرە، بەردەوام خێزان و خەڵکی نوێ دەگەنە ئێرە، لە دوێنی شەو تاوەکو ئێستا زیاتر لە سەد کەس هاتوونەتە نێو ئەم جەنگەڵە بەپێی قسەی ئەو کەسانە (قاچخچییەکان) کە خەڵک دەبەنە ئەو بەرە (بەریتانیا).
 
هیڤیدار ئەحمەد: خەڵکی رانیەن؟
 
دایکی شێخ زێڕە: بەڵێ.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە چەندە لێرەن؟
 
دایکی شێخ زێڕە: وەڵڵا ئەوە دوو هەفتەیە لێرەین، 20 رۆژیش لە رێگە بووین تاوەکو گەیشتینە ئێرە. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: لە رانیە تاوەکو ئێرە 20 رۆژە؟
 
دایکی شێخ زێڕە: ئەرێ وەڵڵا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە ئەم خێزانە هەر ئەوەندەن؟
 
دایکی شێخ زێڕە: بەڵێ، پیاوەکەشم لەگەڵ ئێمەیە ئەوەتا لەوێ وەستاوە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەچنە بەریتانیا؟
 
دایکی شێخ زێڕە: بەڵێ. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: خەڵک زۆر دێن لە رانیە؟
 
دایکی شێخ زێڕە: ئەرێ وەڵڵا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: چەندتان خەرج کردووە تاوەکو گەیشتوونەتە ئێرە؟
 
دایکی شێخ زێڕە: وەڵڵاهی تائێستا شەش دەفتەر (60 هەزار دۆلار). 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی ئێرە بۆ بەریتانیا؟
 
دایکی شێخ زێڕە: وەڵڵا دەبێ خەرجی بکەین.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەفتەر و نیو (15 هەزار دۆلار) دەڕوات؟
 
دایکی شێخ زێڕە: بەلایەنی کەمەوە دەفتەر و نیو دەڕوات. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە بوو بە حەوت دەفتەر و نیو هەشت دەفتەر دۆلار. 
 
دایکی شێخ زێڕە: ئەرێ وەڵڵا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: دبێژن نۆکە بادینی زۆر دهێن؟
 
حەمید: ئەرێ وەڵڵا بادینیا گرووپێن خوە هەنە و ل هەموو ناڤچەیان دهێن. 
 
حەمید: ئەگەر بۆ من خۆش بووایە، هیچ جارێک وڵاتی خۆمم بەجێنەدەهێشت، نەخۆشیم تێیدا بینی. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: بگەی بە بەریتانیا هەموو خەونەکانت بەدی دێن؟
 
حەمید: من هیچ خەونێکم نییە، من هیچ ئامانجێکم نییە، تەنیا دەمەوێ ئارام بم.
 
هەر لەم جەنگەڵە دەچمە لای ئەم رەشپێستانە، دەمەوێ بزانم ئەوان بۆ کۆچ دەکەن؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: من چێشتلێنەرێکی باشم. 
 
ئەوە پیازە (پێکەنینی زۆر)
 
هیڤیدار ئەحمەد: خوێت تێ نەکردووە، بێ خوێیە؟
 
(پێکەنینی بەکۆمەڵ)   
 
خەڵکی سوودانن، چیرۆکی کۆچی ئەوان جیاوازە لە کۆچی کورد، برسێتی و شەڕ ئەوانی ناچارکردووە رابکەن.
 
لەم جەنگەڵە لەنێو خێوەتێکی بچووک و داخراودا لەگەڵ دوو قاچاخچی دانیشتم. مەرجییانم هەبوو، نابێت دەموو چاویان دیاربن، ئەوان ئامار و چیرۆکی نەگوتراو لەسەر کۆچکردن باس دەکەن.
 
هیڤیدار ئەحمەد: سڵاوتان لێ بێت.
 
قاچاخچی: سەرچاو کاکە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەتوانم بێمە ژوورێ.
 
قاچاخچی: فەرموو کاک هیڤیدار ئەحمەد.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەمناسن؟
 
قاچاخچی: بەڵێ، بەڵێ.
 
قاچاخچی: بەزۆر بە کەس ناڵێین وەرە، خۆیان دێن، بە کەسوکاریان دەڵێین ئەوە رێگەی مردنە، دەڵێن رازین و بە دڵێ خۆیان دێن
هیڤیدار ئەحمەد: لەسەدا چەندی ئەوانەی دەچنە (بەریتانیا) کوردن؟
 
قاچاخچی: 40٪ـی ئەوانەی دەچن کوردن.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوانەی هەموو دنیا کە دێنە ئێرە و دەچنە بەریتانیا 40٪ـی کوردن؟
 
قاچاخچی: بەڵێ 40٪. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: لەو 40٪ی کوردە زۆرترینی خەڵکی چ ناوچەیەکن؟
 
قاچاخچی: رانیە، قەلادزێ و پشدەر.
 
هیڤیدار ئەحمەد: چەندن؟
 
قاچاخچی: لە کوردەکان 30 بۆ 40٪ـی تەنیا لەو ناوچەیە دێن. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: چ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان کۆچکردن تێیدا زۆرە؟
 
قاچاخچی: بادینی زۆر دێن، لە زاخۆ زۆرن ئەوانەی دێن، گەلێک زۆرن.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەم ساڵ لە مانگی یەکەوە چەند هاتوون؟
 
قاچاخچی: سێ بۆ چوار هەزار بادینی هاتوون.
 
هیڤیدار ئەحمەد: کوڕە فەقیر دێن یان کوڕە دەوڵەمەندیش دێ؟
 
قاچاخچی: وەڵڵا هەموو دێن، کوڕە دەوڵەمەندیش دێن، کوڕی بەرپرسەکانیش دێن!
 
هیڤیدار ئەحمەد: لێرە چەکی زۆر هەیە و بەشەوان تەقەش دەکرێت، وایە؟
 
قاچاخچی: بەڵێ هەیە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: بیستوومە، بی کەی سی، کلاشینکۆف، ئێم فۆر و دەمانچە هەیە؟
 
قاچاخچی: بەڵێ هەیە، هەمووی هەیە، کلاشینکۆڤ، بی کەی سی هەمووی هەیە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئار پی جیش هەیە؟
 
قاچاخچی: (بەپێکەنینەوە) نا بەس ئارپیجی و نارنجۆک نین، بەڵام تاپڕ هەیە... مەترسی هەیە، بەڵام هەندێ جار پێویستە لێرە چەکت هەبێ.
 
قاچاخچییە سەرەکییەکانی ئەم جەنگەڵە کوردی باشووری کوردستانن، ئەوان حاکمی موتڵەقەن، بەبێ ئەوان کەس ناتوانێ تێپەڕێت. هەموو جووڵەیەک دەبینن.
 
بۆ پاراستنی خۆیان و جەنگەڵەکە، چەک و تەقەمەنی زۆریان هەیە، بۆخۆیان دەوڵەتێکن. من وەک پەیامنێر چەکی ئەوانم بینی، بەڵام رێگەیان نەدا وێنەی بگرین.
 
خەڵکی تورکیا، ئێران، عێراق، ئەڵبانیا، هیند، ئەفریقیا، سۆماڵ، جۆرجیا، بەنگلادیش، تاجیکستان، ئەریتیری، سووریا و ئەڤغانستان هەر هەموویان لێرەوە و لەژێر دەستی قاچاخچی باشووری کوردستان کۆچ دەکەن.
 
ئاگرێک بۆ گەرمکردنەوە و گۆرانیی کوردی و پلان و خەونی کۆچبەران تێکەڵی شەوی تاریکی نێو جەنگەڵ دەبن. شەوێک لەنێو ئەم جەنگەڵەدا ماینەوە. کە سێ بۆ چوار هەزار کۆچبەری لێیە. 
 
رۆژێکی نوێ هەڵات و بەسەر دیمەنی ئەم منداڵانە هەڵبووم.
 
ئەوان نازانن بۆ لێرەن و بەرەو کوێ دەچن و بۆ دەچن. کاتێ لەگەڵ دایک و باوکیان قسەمکرد، گوتیان بۆ داهاتووی ئەوان کۆچ دەکەین.
 
دەچینە کەناری دەریای نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، ئەوێ رۆژێ شەپۆڵی دەریا بەرزبوو، رێگای کۆچکردن پڕ مەترسی بوو.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دووری نێوان جەنگەڵستان و لێواری دەریاکە بۆ پەڕینەوە لە دەریا 20 خولەک دەخایێنێت، دوای ئەوە لێرە بەپێی دەڕۆن تاوەکو دەگەنە ئەو گردانە، لە پشت ئەم گردانە، دەریای نێوان فەرەنسا و بەریتانیا هەیە، لەوێ چووپ و بەلەمەکان دادەنێن و بە پەمپ هەوایان تێدەکەن و هەر بەلەمێک لە ماوەی 20 خولەکدا پڕ دەبێ لە هەوا، نەفەرەکانیش دەڕۆن، هەشە دەکەوێتە دەست هێزی پۆلیسی فەرەنسی و رێگەیان لێ دەگیرێت. بەم ناوەدا دەڕوون، ئەمە رێگەیانە.
 
ئەوە دەریاکەیە و کۆچبەران لەم ئاوە دەدەن و دەڕۆن.
 
چیرۆکی کۆچبەران لێرە دەست پێناکات.
 
دەچینە ئیتاڵیا دەرگەی گەیشتنی کۆچبەرانە بۆ ئەورووپا.
 
پەنابەرانی کورد سەروماڵ و منداڵی خۆیان هەڵدەگرن، لە دەریایەکی بێ ئامان دەدەن، جاری وا هەیە لە نقومبوونی بەلەمێک، چەند کەسێکی کەم رزگار دەبن، بۆ ئەوەی رۆژی قیامەتی خۆیان لەنێو دەریا باس بکەن.
 
هیڤیدار: من لە باشووری ئیتاڵیام- ئەمە بەندەری هەرێمی کالابێریایە، هاتووم بەدوای چیرۆکە نەگوتراو و نەبیستراوەکانی پەناخوازانی کورد دا بگەڕێم، چیرۆکێکم بیستووە، کەس حەزناکات گوێی لێ بێت، من هیڤیدار ئەحمەد ئەو چیرۆکە بۆتان باس دەکەم، کە پەناخوازانی کورد بەم یەختە گەیشتوونەتە ئەورووپا، چیرۆکی پەناخوازانی کورد هێشتا ماویەتی.
 
لە 15/6/2024 دروست یەختێکی بەم شێوە و قەبارەیە 76 کۆچبەری هەڵگرتبوو، زیاتر لە 30 کۆچبەر کوردی باشووری کوردستان بوون لە نزیک کەنارەکانی ئیتاڵیا تێکدەشکێت. 64 کەس خنکان، تەنیا 11 کەس رزگار بوون.
 
رۆژی سێیەمی بەلەمەکە لەنێو دەریادا دوای تێپەڕینیان لە سنووری ئاوی یۆنان تێکشکا.
 
لەگەڵ سێ لە رزگاربووی بەلەمەکە قسە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم چیرۆکەکە چۆن بوو؟
 
ئاوی خواردنەوە لە نێو بەلەمەکە نامینێت، هیچ ئاماژەیەکیش دیار نییە کەی و چۆن دەگەن، هەموویان داوای ئاوی خواردنەوە دەکەن.
 
ئەوەی یەختەکەی لێدەخوڕی ناوی حوسێن بوو خەڵکی ئێرانە لەگەڵ دوو منداڵی 3 ساڵی و چوار ساڵی، ئاوی خواردنەوەی هەبووە، ئەو ویستوویەتی ئاو لە سندووقی نێو یەختەکە دەربهێنێت، بەهەڵە پەنجەی بە دووگمەی چووپی فریاکەوتنی نێو یەختەکە دەکەوێت، یەکسەر چووپەکە دەبێتەوەو یەکختەکە دەتەقێت.
 
ئافرەتێکی رزگاربووی نێو یەختەکە کە هاوژین و سێ منداڵی لەدەستداوە، هەروەها خوشک و زاوا و سێ خوشکەزاشی لەنێو ئاوەکەدا خنکان. 
 
بە چاوی خۆی هەموو قوربانییەکانی بینیوە و دواتر شەپۆڵە بەهێزەکانی نێو دەریا یەک بەیەکی لەگەڵ خۆی بردوون.
 
بەڵام لەوە تاڵتر، کۆشتنی کچەکەی بوو لەلایەن پیاوێکی کورد لە دوای شکانی یەختەکەی و مردنی ئەو هەموو خەڵکە.
کچەکەی لەپێش چاوی دەکۆژرێت، ئەو پیاوە خێزان و کچەکەی لەدەست داوە. لەم گێڕانەوەیەدا باسی شێوازی کوشتنی کچەکەی دەکات.
 
هیڤیدار ئەحمەد: مەیلانی کچەکەت تەمەن 16 ساڵ، قسەی زۆر لەسەر کرا، راستییەکەی چی بووە؟
 
ژنێکی رزگاربوو: راستییەکە چ بوو؟ هیچ شتێک نەبوو. کچەکەم زۆر بێ تاقەت و بێزار بوو، دامنابوو، درێژمکردبوو، ئەو هاوکارە هات لەسەر سینگی دانیشت، هەر ئەوەندە کە هەستا کەف لە دەمی هاتە دەرەوە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: خنکاندی؟
 
ژنێکی رزگاربوو:  لەسەر سینگی دانیشت.
 
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن دانیشت؟
 
ژنێکی رزگاربوو: بەهەردوو چۆکی.
 
هیڤیدار ئەحمەد: بینیت؟
 
ژنێکی رزگاربوو: ئا ئا دانیشتبوو.
 
هیڤیدار ئەحمەد: پێت نەگوت وا مەکە؟
 
ژنێکی رزگاربوو: با با گوتم، ئاخر چ بکەم، هەر چم گوتبا سوودی نەبوو.
 
ئەم خانمە رزگاربووە باسی ناڕاستی و ناپاکیی قاچاخچی دەکات لەسەر ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی سواری بەلەمەکە دەبن.
 
هیڤیدار ئەحمەد:  چەند کەس بوون لەنێو یەختەکەدا؟
 
ژنێکی رزگاربوو: 56 کەس بووین.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەبووایە 56 کەس بن؟
 
ژنێکی رزگاربوو: بەڵێ
 
هییڤدار: خۆی چەند نەفەری تێدا بوو؟
 
ژنێکی رزگاربوو: بیست و قسوور نەفەری دیکەی تێدا بوون.
 
هیڤیدار ئەحمەد: جگە لەو 56 کەسە، نەفەری دیکەش تێیدا بوون؟
 
ژنێکی رزگاربوو: پێش ئێمە ئەو خەڵکە تێیدا بوو و دانرابوون.
 
هیڤیدار ئەحمەد:  نەتانزانیوە ئەو نەفەرانەش تێیدا هەن؟
 
ژنێکی رزگاربوو: نەخێر نەمانزانی بوو.
 
ژنێکی رزگاربوو: ئەو خەڵکە کو دەمردن، دەبووایە دەستت لێ بەردابووایا و کەتبانا ناو ئاو، لەپێش چاوت دەرۆشتن!
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەرۆیشتوون نەتان بینی؟
 
ژنێکی رزگاربوو: نە نە نە، هەر ئەوەندە هەتا لێت بزر دەبوون، شەپۆل دەیانبردن.
 
ئەم خۆشی و گورانی گوتنەی کۆچبەران، چەند کاژێرێکی کەمی پێش شکان و نقومبوونی یەختەکە بوو، مەراقم بوو بزانم بۆ گۆرانییان گوت. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەو گۆرانییەی لەنێو کەشتیەکە گوترا  کەی بوو؟
 
ژنێکی رزگاربوو: ئەوە کە لە ئاوی سێ پەنجە رزگار بووین، ئەوە لە خۆشی ئەوەی لە ئاوەکە رزگاربووین، ئەو گۆرانییە گوترا.
 
گەڕام بۆ هەرێمی کاڵابێریا دەمەوێ ئەبوو هەمزە ببینم، خەڵکی سووریایە، شەڕی وڵاتەکەی ئەوی ناچارکردووە کۆچ بکات.
 
لە 2016ـەوە وەک مامۆستایەکی ئایینی ئیسلام لەو دەڤەرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەسەر ئەو کۆچبەرانەی دەبنە قوربانیانی دەریایەکە، نوێژی مردوو دەکات.
 
کاتێ پرسیاری لێ دەکەم، ئەو بۆ حالی کۆچبەرانی کورد دەگریێ و هەر گریا.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوانی لە 2016، 2017، 2018 و تاوەکو ئێستا نوێژت لەسەر کردوون، خەڵکی چ وڵاتێک و ناوچەیەکن؟
 
محەممەد ئەبوو هەمزە: ئەوانەی لە کوردستانەوە دێن و ئەوانەی لە هەرێمەکانی دیکەی کوردی دێن، دەریا بووەتە گۆڕستان بۆ ئەوان و ئەمە کارەساتەکەیە، بەمانای وشە کارەساتە. هەندێ جار لەبەر سەختی خەڵک کۆچ دەکات، لە مردن رادەکەن بۆ مردن، منداڵەکانی و هاوژینەکەی هەڵدەگرێ و دێتە نێو دەریا! و نازانن چارەنووسیان چی دەبێت و زۆربەشیان مردن و دەمرن، دەزانی بەلەم هەیە نوقمی ئاو بووەو هەر نەمان زانیوەو خەڵکی زۆری تێیدا مردوون. 
 
بۆ گەڕان بەدوای کۆچبەران و بەلەمی کۆچبەران دەبێ مۆڵەت لە هێزی پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا وەربگرین.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەمەوێ بتبینم، دەتوانی دەرگا بکەیەوە؟
 
پۆلیسی دەریای ئیتاڵیا: یەک خولەک، یەک خولەک بوەستە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: باشە، چاوەڕێ دەکەم... چاوەرێ دەکەم، ئێرە ئەو بەشەیە کە دەچن پەنابەر لەنێو دەریا رزگار دەکەن لە هەرێمی کەلابیریا.
 
دوای وەرگرتنی زانیاری و دکۆمێنتی فەرمی رازی بوون بە بەلەم بڕۆین.
 
پێش ئەوەی بچینە نێو دەریا، هەندێ کۆچبەری کورد-م بینی، بە بەلەم گەیشتوونەتە بەندەری کالابیریا لە باشووری ئیتاڵیا.
 
هیڤیدار ئەحمەد: چەند بەلەمی کۆچبەران لەچاو دوو ساڵ پێش کەمبووتەوە یان زیاد بووە؟
 
دکتور ریکۆ، رێکخراوی پزیشکی بێ سنوور: دەتوانم بڵێم 50٪ی کەمبووتەوە. من نازانم بۆ؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئەو گەنجە کییە؟ وابزانم کوردە؟
 
دکتور ریکۆ، رێکخراوی پزیشکی بێ سنوور: بەڵێ ئەو کوردە، من نازانم بۆ لێرەیان راگرتووە!
 
هیڤیدار ئەحمەد: لەگەڵ من وەرە دەچین قسەی لەگەڵ دەکەین، لەگەڵ من وەرە.
 
دکتور ریکۆ، رێکخراوی پزیشکی بێ سنوور: چەند خولەکێکی کەمم هەیە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: باشی، من ناوم هیڤیدار ئەحمەد ئەحمەدە لە رووداوم، کەی هاتییە ئێرە؟
 
شاهۆ بۆکانی: دوو شەو پێش ئێستا.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دوو شەوە گەیشتوونەتە ئێرە؟
 
شاهۆ بۆکانی: ئەرێ وەڵڵا. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: لە کوێوە هاتوون؟
 
شاهۆ بۆکانی: لە تورکیاوە هاتووین لێرە دابەزین، نزیکەی 65 کەس دەبووین.
 
هیڤیدار ئەحمەد ئەحمەد: هەموو رزگار بوون؟
 
شاهۆ بۆکانی: ئەرێ وەڵڵا من خۆم خەڵکی کوردستانی ئێرانم، نزیکەی 30 بۆ 40 کەسی خەڵکی کوردستانی ئێران بووین، شەش بۆ حەوت کەس پاکستانی بوون. دوو کەس سووری بوون.
 
دەنگێک: پۆلیس دەڵێت نابێ قسە بکات. 
 
شاهۆ بۆکانی: کێشە نییە بۆمن قسە بکەم، من کێشەم نییە، تەنیا ژنێک سکاڵای لەسەر من هەبووە و نازانم سکاڵاکەی لەسەر چییە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: دەمەوێ بەس بزانم ئەوان چۆن هاتوونەتە ئێرە. پێی بڵێ بەس ئەو پرسیارەی هەیە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: وابزام کێشە نییە؟ 
 
پۆلیس: یەک خولەک بوەستە. 
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە هەموو رزگار بوون، کوردەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ ئێوە هەبوون؟
 
کۆچبەرەکە: ئەرێ وەڵڵا هەبوون. 
 
پۆلیسی ئیتاڵیا چی دیکە رێگەیان نەدا گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەو گەنجە کوردە بکەین.
 
لەگەڵ کاپتن ئەندێرۆ سواری ئەم بەلەمە دەبین، گەڕاین لەنێو دەریای سپی نێوەڕاستدا.
 
دەریایەکی ترسناکە، شەپۆڵەکان هارن.
 
لەبەلەمێکی راوچیکردنی ماسی نێزیک بووینەوە، ئایا چ زانیاری لەسەر بەلەمی کۆچبەرانی هەیە؟
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە هیچ بەلەمێکی کۆچەبەرانتان نەبینیوە.
 
راوچی: نا نەمبینیوە.. ئێستا هاتنی کۆچبەران کەمبووتەوە.
 
هیڤیدار ئەحمەد: ئێمە لەنێو دەریای سپی نێوەڕاست داین، لە سنووری ئیتاڵیا، ئەم دەریایە بووەتە پردی سیراتی موستەقیم بۆ گەیشتنی پەناخوازی کورد بۆ ئەورووپا، ئەمە قسەی پەناخوازێکی کوردە. چیرۆکی زۆر ناخهەژێن لەسەر یەختەکان لەنێو ئەو دەریایە لەسەر کورد روویداوە. بەڵام باسکردنی ئەم چیرۆکانە هێشتا نەبووەتە رێگر. رگە لە کۆچکردنی کوردەکان بۆ ئەورووپا بگرێت. ئێمە لەنێو دەریای سپیداین، چیرۆکی پەناخوازانی کورد هێشتا ماویەتی.
 
ئەم هەموو تراژیدیایە لەرێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا هەیە، دەمەوێ بزانم هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان هەر ئەم رێگایانە دەگرنە بەر بۆ کۆچکردن بەرە ئەورووپا؟ 
 
چوومەوە باشووری کوردستان، دەمەوێ بچمە دەڤەری رانیە، بە کانگایی کۆچکردن بەرەو ئەورووپا دادەنرێت.
 
گەرمترین گفتوگۆی خەڵکی ئەم دەڤەرە، کۆچکردنی گەنجەکانیانە.
 
زوبێر محەممەد، خەڵکی رانییە: من لەگەڵ ئەوەم هیچ گەنجێک لێرە نەمینێت و هەموو بڕۆنە دەرەوەو کۆچبکەن، هەرکەسیش هەرچی بڵێ با بۆخۆی بڵێت، ئەوانەی دەچنە ئەورووپا لەم دۆخە داراییە خراپەدا یارمەتی کەس و کاری خۆیان دەدەن و مانگانە پارەیان بۆ دەنێرنەوە.
 
ئاسۆ جەمال: ئیش هەیە و رۆژانەی ئیش لێرە بە بیست و پێنج هەزار دینارە ئەگەر خەڵک بیەوێ کار بکات، خۆم 10 هەزار دینارم هەبوو کە جیابوومەوە و ئێشتا بوومەتە خاوەن ماڵ و ئۆتۆمبێل و منداڵم هەیە، سوپاس بۆ خودا.
 
رێبین عەبدوڵڵا: وەڵڵا ئیش نییە، زۆر حەزدەکەم کۆچ بکەم، بەڵام ناتوانم، دۆخێکی تایبەتم هەیە، لێرە کار و کەسابەت نییە.
 
رەمەزان عومەر: من 50 ساڵم و خەڵکی حاجی ئەحمەدم، کار هەیە و رۆژانە خەڵک تەلەفۆنم بۆ دەکات بۆ کار، سوپاس بۆ خودا ئێستا خانوویەکی زیادەشم هەیە و دووکانم هەیە.
 
ئەوانەی بڕیاری کۆچکردن دەدەن، رەنگە نەزانن کە کەوتنە رێ، مردنێکی حەتمی لە رێگای کۆچکردنی ئەوان دا هەیە. وەک کۆچبەرێکی کورد بەمنی گوت، ئەورووپا ئەوها شیرین نییە کە گوێمان لێ دەبوو. بەڵام کۆچکردن بۆ ئەورووپا هێشتا ماویەتی.