ریشی سووناک دەست لەکار دەکێشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ریشی سووناک، سەرکردەی پارتی پارێزگارانی حکومڕانی بەریتانیا کە هاوکات سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە، لەدوای شکستە گەورەکەی پارتەکەی بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن، واز لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی دەهێنێت و پۆستی سەرۆکوەزیران رادەستی رکابەرەکەی دەکات. 
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەرایییەکان، سووناک چووە بەر دەرگای ژمارە 10 کە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانە. دوا گوتاری وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشکێشکرد، داوای لێبووردنی لە دەنگدەران کرد و گوتی دەست لەکار دەکێشێتەوە.  گوتیشی تاوەکو سەرۆکێکی نوێ دیاریدەکرێت، لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگاران دەمێنێتەوە. 
 
سووناک گوتی: "من ئەوەی لەتوانامدا بوو، کردم، بەڵام ئێوە ئاماژەیەکی روونتان داوە کە دەبێت حکومەتی شانشینی یەکگرتووە بگۆڕێت. بڕیاری ئێوە لە هەموو شتێک گرنگترە. گوێم لە تووڕەیی و بێهیوایی ئێوە بوو و بەرپرسیارێتیی ئەم دۆڕانە لەئەستۆ دەگرم." 
 
سووناک دواتر بەرەو کۆشکی بەکینگهام بەڕێکەوت. لەوێ شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیا دەبینێت و دەسەڵات رادەست دەکات. دواتر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران دەدرێتە کیەر ستامەر، سەرکردەی پارتی کار. 
 
سووناک داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی حیزبەکەی کرد و گوتی: "زۆر گرنگە  دوای 14 ساڵ لە حکومەتدا، پارتی پارێزگاران خۆی بوونیاتبنێتەوە." 
 
سووناکی تەمەن 44 ساڵ، پێشتر ئابووریناسێکی ناسراو بوو، گرەوی لەسەر ئەوە دەکرد پاشخانە ئابوورییەکەی هاوکاریی بەریتانیا دەکات لە دەرهێنانی لەو تەنگەژە ئابوورییەی بۆریس جۆنسن و سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە لە پشکی پارتەکەی تووشی هێنابوون. 
 
بەڵام دەنگدانی رۆژی پێنجشەممە، هەموو ئاراستەکانی گۆڕی؛ دەرکەوت زۆربەی بەریتانییەکان چیدی نایانەوێ پارێزگاران لە دەسەڵات بمێننەوە و لەدوای 14 ساڵ پێیانگوتن: "ئیدی بەسە" 
 
بۆ پێکهێنانی حکومەت پارت و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە. پارتی کار زۆر لەوە زیاتری هێناوە.
 
تاوەکو ئێستا لە کۆی 650 کورسیی پەرلەمانی، 648یان یەکلابوونەتەوە. 
 
پارتی کار (ئۆپۆزیسیۆن) 412 کورسیی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 211 کورسیی زیادکردووە. 
 
پارتی پارێزگاران (حکومڕان) 121 کورسیی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 250 کورسیی لەدەستداوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.
 
گرانی، خاوبوونی گەشەی ئابووری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران تووڕە کردبوو. 
 
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی بەریتانیا دا دوو ژنی کورد بەربژێر بوون؛ یاسەمین ئەترووشی، بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستان لەسەر پارتی پارێزگاران بەربژێر بوو، بەڵام دەرنەچوو. هاوکات، فێریاڵ کلارک خەڵکی مەلەتیی باکووری کوردستانە لە بازنەی باکووری ئینفیڵد بەربژێر بوو لەسەر پشکی پارتی کار، فێریاڵ دەنگی یەکەمی بازنەکەی بەدەستهێناوە و کورسییەکەی مسۆگەر کرد.