دانیمارک بە چەند مەرجێک ئاسانکاری بۆ پزیشک، ددانساز و پەرستاران دەکات بچنە وڵاتەکەی بۆ کارکردن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی وەکو پزیشک یان ددانساز یانیش پەرستار لە دانیمارکن و تاوەکو ئێستا مۆڵەتی کارکردنیان نەدەدرایە، لەمەودوا بۆ کارکردن پێویستیان بە مۆڵەت نابێت.
 
تاوەکو سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئەگەر کەسێک ویستبای وەکو پزیشک یان ددانساز یانیش پەرستار لە دانیمارک کار بکات، دەبووایە جگە لە مافی مانەوە، مافی کارکردنیش وەربگرێت، بەڵام لەمەودوا ئەمە نامێنێت.
 
دانیمارک رایگەیاندووە، پێویستی زۆری بەو خاوەن پیشانەیە، بۆیەش ئاسانکاری دەکات بۆ هاتن و کارکردنیان لە وڵاتەکە.
 
هەڵبەت پێش ئەوە، دەبێت جگە لە زانینی دانیمارکی، ئەو کەسەی دەیەوێت کار بکات، بە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی (فەرمانگەی سەلامەتیی نەخۆشان لە دانیمارک)دا بڕوات، کە دامەزراوەیەکە هەڵسەنگاندن بۆ تواناکانی پزیشک یان ددانسازەکە دەکات و بڕیار دەدات ئەو کەسە توانای ئیشکردنی هەیە یان نا.
 
جگە لەوەش، دەبێت کەسەکە بیسەلمێنێت کە هێندە پارە لەسەر هەژمارە بانکییەکەیەتی، کە بەشی ژیانێکی باش بۆ خۆی یان خۆی و ماڵباتەکەی بکات.