43 کۆچبەری کورد 9 رۆژە لە دوورگەیەکی یۆنان گیریان خواردووە

رووداو هەولێر

43 کۆچبەری کورد، کە سەرجەمیان ئێزدین، زیاتر لە هەفتەیەکە لە سنووری یۆنان لە دارستانێکدا گیریان خواردووە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن، وەکو خۆیان باسی دەکەن، نان، ئاو و شیری منداڵیان پێنەماوە، هەندێکیشیان نەخۆشن.
 
ئەو کۆچبەرانە ماوەی نۆ رۆژە لە گوندی ماریتسا لە دوورگەی رۆتسی یۆنان گیریان خواردووە و ژن و منداڵی نەخۆشیان تێدایە. سدیق مەڕوان، یەکێکە لە پەنابەرەکان و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە خواردن و پێداویستی، پارەشیان پێ نەماوە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە کۆچبەرەکان بۆ رووداویان ناردووە، منداڵێکی نەخۆش دەردەکەوێت، کۆچبەرەکان دەڵێن هیچیان پێ نەماوە بیخۆن. هەروەها ژنێک دەردەکەوێت کە دووگیانە و دەڵێن دوو رۆژە نانی نەخواردووە؛ ژنێکی دیکە دەڵێت، نەخۆشیی شەکرەی هەیە و دەرمانی پێنەماوە.
 
هەر لەو ڤیدیۆیەدا ژنێکی دیکە، منداڵێکی لە باوەشدایە و دەڵێت، شیری منداڵ، نان و ئاویشیان پێنەماوە و دۆخمان خراپە.
 
لە دوای شەڕی داعشەوە زیاتر لە 120 هەزار کوردی ئێزدی زێدی خۆیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە؛ هەروەها زیاتر لە 300 هەزاریان هێشتا لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.