هاوژینەکەی کیم کارداشیان خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 
 
کانیا وێست، هونەرمەندی ناوداری گۆرانی راپ و هاوژینی کیم کارداشیان، بەربژێربوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راگەیاند و کۆسپێکی دیکەی بۆ سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کێبڕکێی سەرۆکایەتی دروستکرد.
 
کانیا وێست دۆستی نزیکی ترەمپە و پێشتر چەندینجار لە کۆشکی سپی و لە هۆتێلەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ترەمپ کۆبووەتەوە، لە توویتەر نووسیویەتی: "ئێستا دەبێت بە متمانەکردن بە خوا پەیمانی ئەمریکا بکەینە راستی، دیدگامان یەکبخەین و داهاتووی دروستبکەین".
 
نازانرێت کانیا وێست تاوەکو چەند جیددییە لەسەر ئەو خۆ بەربژێرکردنەی، لەکاتێکدا تەنیا چوار مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، روونیش نییە بەڵگەنامەکانی خۆ بەربژێرکردنی بە تەواوی پێشکەشکردوون یان نا، بەڵام لە تویتەر بە هاشتاگی ( دیدگای 2020) نووسیویەتی "خۆم بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر دەکەم".
 
لە ئۆکتۆبەری 2018 کانیا وێست و کارداشیان لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لە کۆشکی سپی پێشوازییان لێکرا، کە بە گوتەی خۆیان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی باشکردنی دۆخی زیندانەکان سەردانیان کردبوو. وێست کڵاوە سوورەکەی لەسەرکرد کە دروشمەکانی ترەمپی لەسەر نووسراوە، بە ترەمپی گوت: "تۆ پاڵەوانی منیت و دەبێ پاڵپشتیت لێبکرێت".
 
لەکاتی سەردانەکەی کانیا و کیم کارداشیان بۆ لای ترەمپ، رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە ئاخۆ کانیا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بەربژێر دەکات، ترەمپ وەڵامی دایەوە "ئەوە زۆر رێی تێدەچێت"، بەڵام دوای ساڵی 2024. 
 
کیم کارداشیان هاوژینی کانیا لە توویتەر تەنیا ئاڵایەکی ئەمریکای لە وەڵامی توویتەکەی هاوژینەکەی داناوە.