یونسێف: لە 17 ساڵدا 315 هەزار پێشێلکاری بەرامبەر منداڵان کراون

رووداو دیجیتاڵ

کامپی سیڤار لە هەرێمی مۆمپتی لە وڵاتی مالی بووەتە شوێنی ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان لە ترسی پێشێلکاری و بەچەکداریکردن و رفاندنیان رایانکردووە.
 
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نیسانی 2020 تاوەکو ئاداری 2022، 2095 پێشێلکاری گەورە دژی 1473 منداڵ لە مالی کراون.
٪38ی ئەو پێشێلکارییە لەسەر دەستی گرووپە چەکدارییەکان کراوە و 6٪یشی لەلایەن سوپای مالییەوە.
 
فۆون سانۆگۆ، منداڵی ئاوارەیە و باس لەوە دەکات، "ئەو شەوە لە ماڵ دانیشتبووین، کە چەکدارەکان هاتن، خەڵكی کردیان بە هاوار و گریان و لە ماڵەکانیان خۆیان شاردەوە و دەرگەیان کلیل دا. کە هێرشەکە تەواو بوو، دایک و باوکم گوتیان پێویستە رابکەین و دۆخەکە مەترسیدارە."
 
مالی یەکێکە لەو 30 وڵاتانەی جەنگیان تێدایە و نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا بە مەترسیدار ناوی بردووە. لە 2009وە 300 هەزار منداڵ لە مالی لە ئەنجامی شەڕی گرووپە چەکدارەکان گیانیان لەدەستداوە.
 
منداڵێکی دیکەی ئاوارەی کامپی سیڤار دەڵێت، "بیرمان لەوە دەکردەوە رابکەین، بەڵام نەدەوێراین، یەکێک رایکرد، بەڵام گرتیان و کوشتیان."
 
منداڵان لەسەرتاسەری جیهان لە ناوچەکانی جەنگدا لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدار دان و بەگوێرەی راپۆرتی یونسێف بۆ ساڵی 2023، لە 2005 تاوەکو 2022 زیاتر لە 315 هەزار پێشێلکاری بەرامبەر منداڵان کراوە. پێشێلکارییەکان لە دەستدرێژی سێکسی و سەربازیی زۆرەملێ و برسێتی تاوەکو گرتن و ئەشکەنجەدان و بەشوودان دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە عێراقدا 1.3 ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە؛ لە سووریا 15.3 ملیۆن، لە ئێران 5 ملیۆن و نیو و لە تورکیاش 2.5 ملیۆن منداڵ ئەو هاوکارییەیان پێویستە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی یونسێف، لە 2005 تاوەکو 2022 لە زیاتر لە 30 وڵات کە شەڕ و پێکدادانیان تێدایە، زیاتر لە 120 هەزار منداڵ کوژراون؛ 106 هەزار منداڵ چەکدار کراون، 32,500 منداڵ رفێندراون، زیاتر لە 16 هەزار منداڵ رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.