بارانبارین و لافاو بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا.
بە گوتەی بەرپرسانی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، شەپۆلێکی بارانبارین بەشێکی زۆری وڵاتەکەی گرتوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و لە ئەنجامیشدا تەنیا لە هەرێمی کیڤوی باشووری وڵاتەکە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بارانبارین دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 4-5-2023 ئەو وڵاتەی گرتەوە و هەر زوو گۆڕدرا بۆ بارانی بەخوڕ؛ ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن، تەقینی ئاوی رووبارەکان و دروستبوونی لافاوەکە وایکردووە، ئاو ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ببات.
ئەم بارانبارینە بەخوڕە و مردنی ئەو هەموو خەڵکە دوای ئەوە هات، لە رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین وڵاتی رواندای دراوسێی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە و لەوێش لافاو دروستبوو و بەو هۆیەوەش لانیکەم 127 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، وڵاتێکە لە نێوەڕاستی ئەفریقا و دووەمین وڵاتی ئەو کیشوەرەیە لە رووی رووبەرەوە دوای جەزائیر؛ ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 112 ملیۆن کەسە و لە رووی سەرچاوەی سرووشتییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسی، نەبوونی ژێرخان، هەبوونی گەندەڵی بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە زۆربەی بوارەکاندا بەدەست نەهێنێت.