کەمال کڵچدارئۆغڵو بەڵێن دەدات ڤیزای ئەوروپا بۆ هاووڵاتییانی تورکیا نەهێڵێت


رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژانی داهاتوودا لە تورکیا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێن. یەکێک لە بەربژێران بەڵێنی داوە ئەگەر دەربچێت، هاووڵاتییانی تورکیا بۆ چوونە ئەوروپا پێویستان بە ڤیزا نەبێت، بەڵام ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە بەمنزیکانە ئەمە رووبدات. 
 
بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڵێنی زۆر دەدەن بە دەنگدەرەکانیان، بەڵام پێناچێ هەموویان بتوانن ئەو کارە بکەن. کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت کە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان، بەڵێنی ئەوەی داوە کە ئەگەر دەربچێت، لە ماوەی سێ مانگدا وادەکات هاووڵاتییانی تورکیا پێویستیان بە ڤیزا نەمێنێت بۆ چوونە ئەوروپا. ئەمەش بەو مانایەیە کە خەڵکی باکووری کوردستانیش دەتوانن بەبێ بەربەست و کەی ویستیان بچنە ئەوروپا.
 
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە ئاگای لە هیچ رێککەوتنێک نییە لەوبارەیەوە و رێشی تێناچێت ئەمساڵ بڕیارێکی وا بدرێ و ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان پێویست نەبێت بۆ چوونە وڵاتەکە.
 
تورکیا دەمێکە هەوڵدەدات لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ئەوروپا بگاتە رێککەوتنێک، مەرجی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تورکیا ئەوە بووە کە دەبێت لە 72 بواردا گۆڕانکاری بکات، بۆئەوەی ڤیزا پێویست نەمێنێ. تورکیا توانیویەتی 67 خاڵی جێبەجێ بکات، بەڵام هێشتاش پێنج خاڵ ماون کە جێبەجێی نەکردوون.
 
پێشتر مەولوود چاوشئۆغڵوو رایگەیاندبوو کە ئەوروپا نایەوێت ئەو بابەتە چارەسەر بکات.