ژمارەیەک شێر لە ئەمریکای باشوورەوە گەڕێندرانەوە بۆ ئەفریقای باشوور
رووداو - هەولێر
33 شێر کە لە سێرکەکانی ئەمریکای باشوور لە دۆخێکی دژواردا بوون، گەڕێندرانەوە بۆ ژینگەی باووباپیرانیان، واتە ئەفریقای باشوور.
ئەو شێرانە لە سێرکەکانی ئەمریکای باشوور، بەشێوەیێکی بێ بەزەییانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە و، بڕیارە لە ئەفریقای باشوور کەشێکی ئارامیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی دەست بە ژیانی سروشتی خۆیان بکەنەوە.
رێکخراوی جیهانیی بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵان، کاروباری گواستنەوەی ئەو 33 شێرەی لە پیرۆوە بۆ کۆلۆمبیا جێبەجێکردووە و گواستنەوەیان بە فڕۆکە بۆ ئەفریقای باشوور، دوو رۆژی خایاندووە.
باو و باپیرانی ئەو شێرانە لە ساڵانی پێشوودا رفێندراون بۆ ئەمریکا و دواتر فرۆشراون بە سێرکەکان.
24 شێریان لە هەڵمەتی تایبەتدا بۆ سەر سێرکەکان لە پیرۆ رزگارکراون، شێرەکانی دیکەش لە لایەن خاوەنەکانیان لە وڵاتی کۆلۆمبیا رادەستی رێکخراوی جیهانیی بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵان کراون.
ئەو شێرانە ئازار و ئەشکەنجەیێکی زۆریان بینیوە، نینۆکەکانیان هەڵکێشراون، چاوی یەکێکیان کوێر کراوە و چاوێکی دیکەی بە ئاستەم دەبینێت، ددانی زۆربەیان تێکچوون، پێ ناچێت بە بێ فریاکەوتن، زیندوو بمێنن .
شێرەکان برسێتییان چێشتووە و لێیان دراوە، بەڵام ئیدی گەڕاونەتەوە بۆ ئەو سروشتەی کە خۆیان خاوەنین.
ئەو 33 شیرە بۆ ناوچەیێکی پارێزراو دەگوازرێنەوە کە رووبەرەکەی 5 هەزار هێکتارە و بڕیارە هێدی هێدی پەرەی زیاتر بە شوێن و ژینگەیان بدرێت تا لەگەڵ بارودۆخی نوێ و لەگەڵ یەکدی رابێن.
بەگوتەی رێکخراوی جیهانیی بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵان، گواستنەوەی ئەو شێرانە لە لیماوە بۆ ژووهانسبورگ، لە شێوەی خۆی، کارێکی گەورە بووە .
تێچووی گواستنەوەی شێرەکان زیاتر لە 10 هەزار دۆلار بووە، کە لە هاوکاری و یارمەتی خۆبەخشانە دابینکراوە.
هەڵمەتی رزگارکردنی ئەو شێرانە دوای هەموارکردنەوەی یاسا پێوەندیدارەکان لە پیرۆ و کۆلۆمبیا جێبەجێکرا و لە پێشدا بەکارهێنانی ئاژەڵی کێوی لە سێرکەکانی ئەو دوو وڵاتانەدا قەدەخە کرا.
ئێستا لە 17 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بەکارهێنانی ئاژەڵی کێوی لە سێرکەکاندا قەدەغە و سنووردار کراوە.