ئەمریکا هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا راگرت

ژمارەیەک پۆلیس پارێزگاری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەن لە ئۆکراینا. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا راگرت، ئەمەش لەدوای دەمەقاڵێکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی، لە کۆشکی سپی. 
 
رۆژی چوارشەممە 05ـی ئاداری 2025، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی سی ئای ئەی ئەمریکی راگەیاند، بڕیاریانداوە چیدیکە زانیارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ ئۆکراینا ئاڵوگۆڕ نەکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ گوشار خستنەسەر سەرکردایەتیی ئۆکراینا تاوەکو بە مەرجەکانی ئاگربەست رازی ببن و زیلینکسی بگەڕێننەوە سەر مێزی گفتوگۆ. 
 
بەگوێرەی شارەزایانی سەربازی، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، زیانێکی گەورە بە تواناکانی سوپای ئۆکراینا دەگەیەنێت، بۆ دۆزینەوە و بەئامانجگرتنی پێگەکانی سوپای رووسیا. 
 
رۆژی سێشەممە، چواری ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نامەیەکی لەلایەن زیلینسکییەوە پێگەیشتووە کە تێیدا ئامادەیی ئۆکراینای نیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و رووسیا. 
 
راتکلیف گوتی: "پێموابێت لەدوای هەڵوێستەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، راگرتنی هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان هەڵدەگیرێن. ئێمە شان بە شانی ئۆکراینا کار دەکەین، بەڵام بۆ سەقامگیربوونی جیهان دەبێت گفتوگۆکان بەخێرایی بەرەوپێشەوە بچن." 
 
ئاژانسی رۆیتەرز لەلایەن سێ سەرچاوە، راگرتنی هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی بڕیارەکە ئەو زانیاریانەی راگیراون، دیار نییە. 
 
لە شوباتی 2022ەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا، ئەمریکا هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان و هەروەها دابینکردنی زانیاری گرنگ لەبارەی جموجۆڵی سوپای رووسیا، بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
 
لەبارەی ئەو بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەمریکا هەنگاوێک چووەتە دواوە و ئیدارەکە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو لایەنەکانی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا دەکات." 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا گوتیشی، ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کیێڤ، لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی کانزا گرانبەهاکانی ئۆکراینا و ئاگربەست لەگەڵ رووسیا.