فەرەنسییەکان بەهۆی بەرزیی هەڵاوسان "هۆشیارانەتر" بازاڕی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە فەرەنسا، وایکردووە خەڵکەکەی ئێستا هۆشیارانەتر پارە خەرج بکەن، رەوشەکە بەجۆرێکە نرخی خۆراک بەڕێژەی 14.5٪ بەرزبووەتەوە.
کاریگەریی هەڵاوسان بە ئاسانی لە بازاڕێکی میللی لە رۆژهەڵاتی پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەردەکەوێت، کە کڕیارەکان هۆشیارانەتر پارەکانیان خەرج دەکەن و لەبری یەک تەبەقە هێلکە، ئێستا بە دانە دەیکڕن.
لۆرێنا ئابیتبۆل، ژنێکی فەرەنسییە، بەمشێوەیە باسی نرخەکان دەکات "(ئێستا) هێلکەی کەمتر دەکڕین، هەرچەند سێ منداڵی بچووکمان هەیە، بەڵام نرخی هێلکە زۆر بەرزبووەتەوە. ئامادەکردنی یەک ئۆملێت لێمان بووە بە شتێکی زۆر گرانبەها".
هەر رۆژێک پاریسییەکان دەچنە بازاڕ، نرخەکان گرانتر بوون، ئاستی هەڵاوسان گەیشتووەتە 7.2٪، ئەمەش نرخی خۆراکی 14.5٪ بەرزکردووەتەوە.
پیێر هیمان، هاووڵاتییەکی دیکەی فەرەنسی لە بازاڕە میللـییەکەی پاریسەوە قسە دەکات و دەڵێ "ماسی دەریا جاران کیلۆی ئەوپەڕی بە 7 یۆرۆ بوو. ئێستا بووە 8 و 9 یۆرۆ. بەرچاو نییە، بەڵام لەڕاستیدا وایکردووە بەو جۆرە بازاڕی نەکەین. بابڵێین جاران 30 یۆرۆمان دەدا، ئێستا 50 یۆرۆ دەدەین".
هەڵاوسان بەتەنیا کێشەی فەرەنسا نییە و قەیرانێکی جیهانییە، کە سەرەڕای نزمبوونەوەوەی بەراورد بە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، بانکە ناوەندییەکان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.
بەپێی ئاماری فەرمی، لە شوباتی 2022 هەڵاوسان لە ئەوروپا 5.9٪ بوو، لە تشرینی یەکەم گەیشتە 10.6٪ و لە مانگی یەکی ساڵی 2023ـشدا جارێکی دیکە بۆ 8.6٪ دابەزییەوە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان سێ ساڵ لەمەوبەر، دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرهاوێشتەکانی بوو، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا و وەستانی هەناردنی گەنم و وزەی دوو وڵاتەکە هێندەی دی دۆخەکەیان ناهەموارتر کرد، سندووقی نێودەوڵەتی نەختیش داوای لە بانکە ناوەندییەکان کردووە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە تاوەکو بەهای دراوەکانیان لە داڕمان رزگاربکەن.