ئەشکەوتێکی ئەڵمانیا رەنگە تێگەیشتنمان لەبارەی مێژووی مرۆڤ بگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پشکنین بۆ هەندێ ئێسقانی کۆن لە ئەشکەوتێکی ئەڵمانیا ئەنجامی سەرسووڕهێنەری لێ دەکەوێتەوە و دەریدەخات، باوانەکانمان زووتر لەوەی دەزانرا لە ئەفریقاوە گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا.
 
ئێسقانەکان بۆ یەکەمجار لە سییەکانی سەدەی رابردوو لە ئەشکەوتی ئیسنهۆل لە نزیک شارۆچکەی رانیس، کە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەڵمانیا، دۆزراونەتەوە.
 
پێشتر وادەزانرا، باوانی نزیکی مرۆڤەکانی ئێستا کە پێیان دەگوترێت (هۆمۆسەیپیەنز - مرۆڤی ژیر)، لە 40 هەزار ساڵ لەمەوبەردا، لە کیشوەری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە ناوچەکە و ئەوروپا، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە دەڵێت، نا، ئێسقانی نێو ئەشکەوتەکەی ئەڵمانیا کە هەر هی هۆمۆسەیپیەنزن 47,500 ساڵ کۆنن؛ ئەمە یانی 7,500 ساڵ زووتر هاتووین و بە نیاندەرتاڵەکان ئاشنا بووین.
 
نیاندەرتاڵەکانیش جۆرێکی دیکەی مرۆڤی ژیر بوون و توانای ژیانکردنیان لە باوانەکانی ئێمە نزیک بووە، هەروەها کیشوەری ئەوروپا زێدی ئەوان بووە، بەرلەوەی ئێمە لێیان نزیک ببینەوە.
 
بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی تائێستا بەدەستهاتوون، نیاندەرتاڵەکان لە دەوروبەری 40 هەزار ساڵ لەمەوبەردا تووشی لەنێوچوونی یەکجاری هاتوون؛ هێشتا بەتەواوی نازانرێت ئایا ئێمە رۆڵمان هەبووە لە لەنێوچوونیاندا یان نا.

 

 
توێژینەوەکانی پێشتر ئەوەیان سەلماندووە، کاتێک هۆمۆسەیپیەنزەکان دەگەنە ئەوروپا، پاش ماوەیەک تێکەڵی نیاندەرتاڵەکان دەبن، بەڵگە هەن کە جووتبوون لەنێوانیاندا روویداوە. ئەوەش سەلمێندراوە کە هەر مرۆڤێکی ئەم سەردەمە، بەشێک لە جیناتی نیاندەرتاڵی تێدایە.
 
با بگەڕێینەوە سەر توێژینەوە نوێیەکە؛ ئەگەرچی وا نزیکەی 100 ساڵە ئێسقانەکان دۆزراونەتەوە، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانی و لاوازی ئاستی تەکنەلۆجیا، لەو ماوەیەدا هێندە لێیان نەکۆڵدراوەتەوە.
 
لەم ساڵانەی دواییدا، تیمێکی ئەنترۆپۆلۆجیست (ئەو کەسانەی شارەزای ژیانی مرۆڤی کۆنن) بۆ ماوەی شەش ساڵ (2016 - 2022) لەو ئێسقان و بەبەردبووانەیان کۆڵیوەتەوە کە لەو ئەشکەوتەی ئەڵمانیا دۆزراونەتەوە، میکانیزمی جیاوازی پشکنینیان لەگەڵ بەکارهێناون و سێ توێژینەوەیان لە سێ گۆڤاری زانستی Nature و Nature Ecology و Evolution بڵاوکردووەتەوە.

 

 
لەو بارەیەوە، ژان ژاک هوبڵین، مرۆڤناس لە کۆلێجی فەڕەنسی لە پاریس و سەرپەرشتیاری یەکێک لە توێژینەوەکان دەڵێت، "ئەو پارچە ئێسقانانەی دۆزراونەتەوە، بە رێگەی رادیۆکاربۆن بۆمان دەرکەوت راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ هۆمۆسەیپیەنز و DNAـی ئەوانیان تێدایە".
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئێسقانە جیاوازەکانی نێو ئەو ئەشکەوتە دەگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵە کەسێک کە خەریکی راوکردن بوون، راوکردنی ئاژەڵی گەورە، کە ئەمەش نیشانەی ئاشنایەتییانە بە ناوچەکە و رێگە خۆش دەکات بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە دەکرێ زووتریش هۆمۆسەیپیەنزەکان گەیشتبێتنە ئەوروپا.

 

 
جێف سمیس، زیندەوەرناس لە زانکۆی کێنتی بەریتانی و سەرپەرشتیاری یەکێکی دیکە لە توێژینەوەکان لەم بارەیەوە دەڵێت، "سەرنجڕاکێشە کە خواردنی هەردوولایان [هۆمۆسەیپیەنز و نیاندەرتاڵ] لەسەر ئاژەڵی گەورە بووە، کە دەکرێ ئەمە سەریکێشابێت بۆ کێبڕکێی تووند، بەڵام ئێمە هێشتا داتای زیاترمان پێویستە تاوەکو بەتەواوی تێبگەین لەوەی ئایا رۆڵی هۆمۆسەیپیەنز چیبووە لە لەنێوچوونی نیاندەرتاڵ".
 
ئەو سەردەمەی ئەم توێژینەوە نوێیانە باسی دەکەن ساڵانێکی هەستیارن بۆ مرۆڤ، چونکە سەرەتای زۆر شتە؛ هەر لە جێهێشتنی کیشوەری دایک (ئەفریقا)، دۆزینەوەی رێگەی کاریگەرتر بۆ راووشکار، تاوەکو دروستکردنی نەریتەکان و هەڵکۆڵینی هێما لە ئەشکەوتەکاندا.