ترەمپ: ئێران عێراقی کۆنترۆڵکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی رێگەی بە ئێران داوە بەهێز بێتەوە تا ئەو رادەیەی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە؛ دەشڵێت، نەدەبوو ئەمریکا بچێتە عێراق، بەڵام کە چوو، پێویست بوو نەوتەکەی لە دەستی خۆی بهێڵێتەوە.
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە 04-02-2024، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی، لە سەردەمی ئیدارەی ئەودا، "ئێران هیچ پارەی نەبوو تاوەکو بە حەماس یان حیزبوڵڵای [لوبنانی] بدات. هەموو ئەم گرووپە تیرۆریستانە بازرگانی خۆیان لەدەستدابوو،" بەڵام ئێستا ئێرانییەکان خاوەن "وڵاتێکی دەوڵەمەندن. زیاتر لە 200 ملیار دۆلاریان هەیە و عێراقیشیان کۆنترۆڵکردووە."
 
ترەمپ پێیوایە ئێران دوو مانگی دیکە دەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
 
ئەو دەڵێت، "من گوتم، هەر کەسێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات یان نەوتی لێ بکڕێت، هیچ بازرگانییەک لەگەڵ ئەمریکادا ناکات. بۆیە هەموو کەسێک وەستا. ئەوان بە نزیکەیی هیچیان نەدەفرۆشت، نزیکبوون لەوەی هیچ بازرگانییان بەدەستەوە نەمێنێت. پێویست بوو دوو هەفتە دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵم رێکبکەون. رێککەوتنەکە رێککەوتنێکی زۆر ئاسانە، نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەوان 60 رۆژی دیکە چەکی ئەتۆمییان دەبێت."
 
ترەمپ هۆشداریشیدا کە کاتێک ئێران دەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، "تەواوی چیرۆکەکە دەگۆڕێت، تەواوی دانوستاندنەکان دەگۆڕدرێن، رێککەوتنێکی تەواو جیاوازیان دەبێت، بایدنیش رێگەی ئەم شتەی پێداون."
 
ترەمپ لە ساڵی 2018، تاکلایەنانە لە رێککەوتنێکی ئەتۆمی کشایەوە کە زلهێزەکانی جیهان لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما لە ساڵی 2015 لەگەڵ تاران واژۆیان کردبوو. ئامانج لە رێککەوتنەکە، سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزاکان لەسەری.
 
بەڵام ترەمپ بە کشانەوەی، سزای تووندی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، ئەوەش وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری پابەندییەکانی بێت. ئیدارەی بایدن لە نیسانی 2021، دەستی بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران کرد بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
 
گفتوگۆکانیان لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا، لە ئەیلوولی 2021 چەقیان بەست، دواتر لە ئابی 2022 دەستیان پێکردەوە.
 
مانگێک دوای ئەوە، لە پرسێکی جیادا و لە بەرامبەر ئازادکردنی چەند بەندکراوێکی ئەمریکی، واشنتن شەش ملیار دۆلاری ئێرانی لە لیستی سامانە سڕکراوەکان دەرهێنا و بە مەرجی بەکارهێنانی بۆ مەبەستی مرۆیی (کڕینی دەرمان و خۆراک)، رادەستی تارانی کردنەوە.