کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی سەیروسەمەرەترین داهێنانەکانی خۆیان لە لاس ڤێگاس نمایشدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە گەورەترین پێشانگەی تەکنەلۆژیا سێشەممەی داهاتوو لە لاس ڤێگاس لە ئەمریکا دەکرێتەوە، لەو پێشانگەیەدا کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی سەیروسەمەرەترین داهێنانەکانی خۆیان نمایشدەکەن.
کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی پێشانگەی تەکنەلۆژیاکە کە بە (CEA) ناسراوە، لە کاژێری ئەلیکترۆنی، ڤی ئاڕ و مۆبایلی نوشتاوەوە دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە فڵچەی ئەلکترۆنیی ددان، ئامێری چاپەمەنیی سێ رەهەندی و ئۆتۆمبێلی بێ شوفێر.
گاری شاپیرۆ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CEA دەڵێ، "ئەم پێشانگەیە گەورەترینە بە هەموو پێوەرێک، کۆمپانیای زیاتر تێیدا بەشدارن؛ 3200 کۆمپانیا بەشدارن و تەکنەلۆژیای جیاواز تێیدا نمایشدەکرێن."
ئەم پێشانگە گەورەیەی لاس ڤێگاس دوای 10 ساڵ لە پێشکەوتنی خێرای گادچێتەکان دێت، کە بوونە سەردێڕی هەواڵەکان لە سەرتاسەری جیهان. گادجێت وشەیەکی ئینگلیزییە و هەموو جوانکاریێکی داهێنانکارانەی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە.
گاری شاپیرۆ هەروەها دەڵێ "داهێنانی نوێمان دەبێت، کە پێشینەیان نییە، لقی نوێ دەکەینەوە. ئینجا چاپی 3D بێت، تەلەڤیزیۆنی ئەڵترا ئێچ دی بێت، یاخود رێگەی سەلامەت بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، بەهەموو ئەو رێگەیانەی دەچنەوە سەر ئۆتۆمبێلی بێ شوفێر لەگەڵ هەموو ئەو پێکهاتانەی، ئۆتۆمبێلەکە دەکەنە بەرهەمی داهاتوو."
بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر، جوانکارییە ئەلکترۆنییەکان هەنگاوی گەورەیان ناوە، بۆ نموونە؛ چاوێلکە ئەلکترۆنییەکان، کە مرۆڤ دەبەنە جیهانێکی خەیاڵیی نزیک لە راستەقینە، کاتژمێری دەستی کە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و زۆربەی چالاکییەکانی رۆژانەت پێدەڵێن.
پێشانگە تەکنەلۆژییەکە لە سەنتەری کۆبوونەوەکان لە لاس ڤێگاس لە 9ـی ئەم مانگە دەکرێتەوە و تاوەکو 12ـی مانگ بەردەوام دەبێت.