داعش بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابوول لەئەستۆ دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابوول لەئەستۆ گرت، کە ئیسلامئاباد بە "هەوڵی تیرۆرکردن" ناوی دەبات.
ئێوارەی رۆژی شەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2022، لە راگەیێندراوێکدا کە لەسەر زاری داعش بڵاوکرایەوە، رێکخراوە پەڕگیرەکە رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی پاکستان، پاسەوان و باڵیۆزەکەی بە "هەڵگەڕاوە لە ئاین" ناوزەند کرد.
رۆژی هەینی هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی پاکستان لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و بەهۆیەوە پاسەوانێک بریندار بوو.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هێرشەکەی بە "هەوڵی تیرۆرکردن"ی باڵیۆزی وڵاتەکەی ناوبرد و داوای لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کرد.
لای خۆشیەوە، پۆلیسی کابوول رایگەیاند، گومانلێکراوێکیان بەهۆی رووداوەکەوە دەستبەسەر کردووە و دەستیشیان بەسەر دوو چەکی سووکدا گرتووە.
باڵیۆزخانەی پاکستان رۆژی شەممە رایگەیاند، رۆژی پێشتر هێرشکارێک بە تەنیا هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەکەیان و تەقەی بەسەریدا کردووە، بەڵام گوتی کە باڵیۆز و ستافەکەی سەلامەتن.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان رێگە بە هیچ کەسێکی زیانبەخش نادات ببێتە هەڕەشە بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لە کابوول" و بەڵێنی دا ئەوانەی لەپشت رووداوەکەوەن سزایان بدات.