کوردانی ئەمریکا بەسەر ترەمپ و هاریس دا دابەش بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی کوردانی ئەمریکا خۆیان یەکلاکردووەتەوە کە دەنگ بە دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان دەدەن. بەشێکیشیان دەڵێن دەنگ بە کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان دەدەن. واتە کوردانی ئەمریکا خاوەن بڕیارێکی هاوبەش نین. بەشێکیان پارتی دیموکرات و بەشێکیشیان پارتی کۆمارییەکانیان پێ باشترە.
یەکسەل سەرینگداگ، کوردی دانیشتووی ئەمریکا دەڵێت: "کوردانی نیویۆرک، نیوجێرسی زۆربەیان کوردانی باکوورن. لەو بڕوایەدام دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن. بەڵام تاوەکو ئێستا زۆر کوردم نەبینیوە بڕیاریان دابێت دەنگ بە ترەمپ بدەن. لە هەڵبژاردنی پێشوو، بەشێکی کوردانی رۆژئاوا دەنگیان بە ترەمپ دا. ئیدی نازانم سبەی ئەوان دەنگ بە ترەمپ دەدەنەوە یانیش نا. بەڵام بە بڕوای من زۆربەی کوردان دەنگ بە کامالا هاریس دەدەن."
فەرهاد میکائیل کوردێکی دیکەی دانیشتووی ئەمریکایە و دەڵێت: "وەکو کوردێک کە 25 ساڵە لێرە دەژیم، من دەنگ بە پارتی کۆماری دەدەم. بۆ من وەکو کوردێک لێرە، ئەو باشترە لە پارتی دیموکرات. پارتی کۆماری کاتێک حکومەت پێکدەهێنێت، وەکو کرێکار بۆ ئێمە باشترە، باجەکان کەمترن، کار زیاترە، داهاتوومان گەشتر دەبێت. پارتی دیموکرات باجی زۆرمان لێ وەردەگرێت و بە چەند چالاکییەک دەدات کە بۆ من گرنگ نین، بۆیە دەنگ بە کۆمارییەکان دەدەم."
ژمارەی کورد لە ئەمریکا زۆر نییە. بەڵام لەم هەڵبژاردنە دا هەر دەنگێک دەنگێکە، واتە هەر دەنگێک کاریگەریی خۆی هەیە. لە ئەنجامەکانیشدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەنگی بەربژێران جیاوازییەکی ئەوتۆیان نابێت.