لە کینیا بەهۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە 200 فیل لەنێوچوون
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 200 فیل، سەدان کەرەکێوی و گامێش بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کینیای گرتووەتەوە، لە نێوچوون. وشکەساڵییەکە بە جۆرێکە لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.
رۆژی هەینی، 4ـی تشرینی دووەمی 2022، پێنینا مالۆنزا، وەزیری گەشتیاریی کینیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە نایرۆبی رایگەیاند، بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی دووچاری کینیا بووە کە چوار دەیەیە هاوشێوەی نەبووە، زیاتر لە 200 فیل و سەدان کەرەکێوی و گامێشی کێوی لەنێوچوون.
وەزیری گەشتیاریی کینیا گوتیشی: "وشکەساڵییەکە کاریگەری لەسەر ژیانی کێوییە رووەکخۆرەکان هەبووە." مالۆنزا هۆکاری مردنی ئەو ئاژەڵانەی بۆ نەبوونی لەوەڕ و کەمیی ئاو گەڕاندەوە.
مالۆنزا ئاشکرای کرد، لەنێوان مانگی شوبات تاوەکو تشرینی دووەم، 205 فیل، 512 گامێشی کێوی، 381 کەرەکێوی، 12 زەڕافە و 51 گامێش لەنێوچوون و 14 جۆری ئاژەڵ مەترسی جدییان لەسەرە."
ئیستا حکومەتی کینیا سەرقاڵی دابینکردنی لەوەڕ و ئاوە بۆ ئاژەڵەکان تاوەکو لە لەنێوچوون رزگاریان بکات. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گەشتیاریی کینیا، ئەو وڵاتە ساڵی رابردوو 36 هەزار فیلی هەبووە.
لە کینیا، سۆماڵ و ئەسیوپیا لە چوار وەرزی بارانباریندا، باران نەباریوە کە بووەتە هۆی مردنی 1.5 ملیۆن سەر مەڕ لە کینیا. ئەم وشکەساڵییە کاریگەری لەسەر نیوەی خاکی کینیا هەبووە و بەلانیکەمەوە کاریگەری لەسەر چوار ملیۆن کەس لە کۆی 50 ملیۆن دانیشتووانی کینیا هەبووە.