رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2020 گرووپێکی تورکیی بەناوی "گورگە بۆرەکان" لە وڵاتەکەی قەدەخەکرد و بەوە تۆمەتباریکردن کە "سەرچاوەی کردەوەی تووندوتیژی و بڵاوکردنەوەی رق و کینەن" لەو وڵاتە.
گابرێل ئاتال، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، قەدەخەکردنی گرووپی گورگە بۆرەکان کە بە باڵی سەربازیی حیزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا - مەهەپە ناسراون، لەمیانی کۆبوونەوەیەکی هەفتانەی کابینەی حکومەتی فەرەنسا بووە.
حکومەتی فەرەنسا ئەو گرووپە تورکییە بە "زۆر تووندوتیژ، بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی تووندوتیژی" تۆمەتباردەکات و دەشڵێت "رق و کینە دژی دەسەڵاتداران و ئەرمەنییەکان دەوروژێنن".
قەدەخەکردنی گرووپەکە لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا لە هەڵکشاندان، لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتنە لووتکە دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "ئیمانوێل ماکرۆن پێویستی بە چارەسەری دەروونییە"، ئەوەش بەهۆی بەرگریکردنی لە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام و ناوبردنی وەکو ئازادیی رادەربڕین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ