دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی پەنایان بردووەتە بەر کەنیسەکانی ئەڵمانیا ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکاتەوە کە پەنایان بردووەتە بەر کەنیسەکان. ئەم هەفتەیە یەکەمین کۆچبەر لە هامبۆرگ دیپۆرت کرایە سوێد.
 
لە ئەڵمانیا کەنیسە کاسۆلیکی و پرۆتێستانتییەکان نیگەرانن؛ پارتەکانی چەپ و سەوزەکان و بەشێکی شەقامی ئەڵمانیاش نیگەرانن، نیگەرانییەکەش لەوەیە کە ئەم هەفتەیە پۆلیسی ئەڵمانی کۆچبەرێکی تەمەن 29 ساڵی لە کەنیسەیەک دەرهێناوە و دیپۆرتی سوێدی کردووەتەوە.
 
کەنیسەکان دەڵێن، ئەو کۆچبەرە زۆر نەخۆش بووە و لەسەر ئەو بنەمایەش کەنیسەیەک لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا پەنای دابوو؛ ئەویش دوای ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی لە ئەڵمانیا رەتکراوەتەوە و بڕیار دراوە دیپۆرتی سوێد بکرێتەوە، چونکە پێشتر لەوێش داوای مافی پەنابەریی کردبوو و پەنجەمۆری هەبووە.
 
لە ئەڵمانیا کەنیسەکان و دامەزراوە ئایینییە جووەکان مافی ئەوەیان هەیە لەسەر بنەمای مرۆیی بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو کۆچبەرانە داڵدە بدەن، کە دۆسیەکانیان دادەخرێت و دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.
 
لە هەندێک وڵاتی دیکەی ئەورووپاش رێککەوتنی هاوشێوە لەنێوان دامەزراوە ئایینییەکان و دەوڵەتدا هەن، بەڵام هیچیان هێندەی ئەڵمانیا باوەشیان بۆ کۆچبەران نەکردووەتەوە.
 
حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، کاتێک پۆلیس چووە کۆچبەرەکەی لە کەنیسەکە دەرهێناوە، بە لەسەرخۆیی هاوکاریی پۆلیسی کردووە و هیچ تووندوتیژییەک رووینەداوە.