ئەندامێکی شانەی 'بیتڵز'ی داعش دانی بە تاوانەکانی دانا
رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر کۆتی یەکێک بوو لە ئەندامانی شانەی بیتڵزی داعش و لە نێوان ساڵانی 2013 و 2015 بەرپرس بووە لە رفاندنی هاووڵاتی و رۆژنامەڤانە بیانییەکان. رۆژی هەینی دانی بە تێوەگلان لە رفاندن و کوشتنی چوار هاووڵاتیی ئەمریکیدا نا.
راج پارێک، داواکاری بەوەکالەتی ڤێرجینیا دەڵێت، "ئەلێکساندەر کۆتی، ئەندامی ئاشکرای داعش، دانی بە هەموو ئەو تۆمەتانەدا نا کە لە ئەمریکا ئاراستەی کراون لە بەرامبەر بەشداریکردنی لە پیلانگێڕیێکی بەبارمتەکردن کە بووە هۆی کوژرانی چوار هاووڵاتیی ئەمریکی، هەروەها کوژرانی هاووڵاتیی بەریتانی و ژاپۆنی. ئەو رازی بووە کە تەواوی ژیانی خۆی لە زینداندا بەسەرببات."
ساڵی 2018 هێزەکانی هەسەدە ئەلێکساندەر کۆتی و ئەندامێکی دیکەی ئەو شانەیان بە ناوی شافی شێخ دەستگیرکرد و رادەستی هێزە ئەمریکییەکانیان لە عێراق کرد.
تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بۆ دادگاییکردن، هەردووکیان گوێزرانەوە ئەمریکا. دایکی جەیمس فۆڵی، ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییەی کە ساڵی 2014 بەدەستی شانەی بیتڵزی داعش سەربڕدرا، لە بەرامبەر سزادانی بکوژانی کوڕەکەی، سوپاسی حکومەتی ئەمریکا دەکات.
دانی فۆڵی، دایکی جەیمس فۆڵی دەڵێت، "دەمەوێت سوپاسی وەزارەتی داد و ئەم تیمەی لێکۆڵەرەوان بکەم کە ئەم کەیسە بەهێزەیان دژی ئەو تاوانبارە کردەوە لە بەرامبەر ئەشکەنجەدان و کوشتنی جەیمسی کوڕمان، ستیڤن سۆتلۆف، کایلا مولەر، پیتەر کەیسگ و چەندین کەسی دیکەی بێتاوان."
لە بەرامبەر دانپێدانان و ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی داعش، دادگەی فیدڕاڵی ئەمریکا بڕیاریدا کە ئەلێکساندەر کۆتی بۆ ماوەی 15 ساڵ لە ئەمریکا بەندبکرێت و دواتر رادەستی بەریتانیا بکرێت کە لەوێش رووبەڕووی تۆمەتی رفاندن و کوشتن دەبێتەوە و ژیانی لەوێ تاوەکو کۆتایی لە زیندان بەسەردەبات.