40 ساڵە رۆژهەڵاتی ئەفریقا تووشی وشکەساڵییەکی وەکو ئەمساڵ نەبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا کە بە قۆچی ئەفریقا ناسراوە، بەهۆی وشکەساڵییەوە 7 ملیۆن ئاژەڵ مرداربوون. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، زەوییەکی وشکهەڵاتووە لە رۆژهەڵاتی کینیا، چوار زستانە بارانی کەم لێ باریوە، ئەم وشکەساڵییە هەڕەشە لە مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە دەکات.
 
نوور بەشیر، ئاژەڵدارێکی کینیایە بەهۆی وشکەساڵییەوە ترسی لە نێوچوونی ئاژەڵەکانی هەیە، ئەو دەڵێت، "مزگەوتمان هەبوو، منداڵەکانمان بەشدارییان لە وانەی ئایینیدا دەکرد، ئاژەڵداری سەرکەوتوو بوو، بەڵام کە هاتینە ئێرە، مەڕوماڵاتمان نەیاتوانی خۆیان لەگەڵ کەشەکە بگونجێنن، دۆخیان تێكچوو. وشکەساڵیش کاری تێکردین، بۆیە زۆربەیان مردن."
 
ئەم وشکەساڵییەی رۆژهەڵاتی ئەفریقای گرتووەتەوە، لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. بەرنامەی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە، دیاردەکە گەورەترین هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکردووە.
 
گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی قۆچی ئەفریقا کە سۆماڵ، ئەسیوپیا و کینیا دەگرێتەوە، کار لە 15 ملیۆن کەس دەکات، ئەگەر باران نەبارێت، ژمارەکە دەبێتە 20 ملیۆن کەس. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هەروەها شەڕ و پێکدادانەکان لە جیهاندا، لەم سێ وڵاتەدا 7 ملیۆن منداڵ بەتووندی دووچاری بەدخۆراکی بوونەتەوە.  
 
فیلیکس ئۆکیچ، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنی پەنابەران لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت، "ئێستا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک هەروەکو خۆمان دەیبینین گۆڕانی کەشوهەوایە، بۆیە هەوڵەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا هەر وا گرنگ دەبن، گۆڕانی کەشوهەوا کێشە گەورەکەیە. وشکەساڵی بەدرێژایی کات زیادی کردووە و درێژخایەنترن.. ئەمە نیگەرانیێکی زۆر گەورەیە."
 
پێچەوانەی وشکەساڵی، لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەفریقا بارانی ناوەخت و لافاو کە هۆکارەکەی گۆڕانی کەشوهەوایە سەدان ماڵی وێران کردووە. گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی خۆراکی ملیۆنان خەڵک.