دوو ژنی کورد بە دوو ئاڕاستەی دژبەر بەربژێرن بۆ پەرلەمانی بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ
دوو ژنی کورد بەربژێرن بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی بەریتانیا. یەکێکیان بە بنەچە خەڵکی باشووری کوردستانە و لەسەر پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا بەربژێرە و ئەوی دیکەشیان بە بنەچە خەڵکی باکووری کوردستانە و لەسەر پارتی کار-ی ئۆپۆزیسیۆن بەربژێرە.
ئەمڕۆ زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024 یاسەمین ئەترووشی بە رووداوی گوت: "من یەکەم بەربژێری کوردم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان نوێنەرایەتیی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەکەم. من خۆم لە بەریتانیا لەدایکبووم و گەورەبووم. بەڵام شانازی بە پاشخانە کوردییەکەمەوە دەکەم."
یاسەمین ئەترووشی، تەمەن 29 ساڵ کوردێکی دانیشتووی بەریتانیایە و لەوێ لەدایکبووە. باس لەوە دەکات، بەهۆی کوردبوونیەوە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە.
باوکی یاسەمین خەڵکی دهۆکە و پیشەی پزیشکە. دایکیشی خەڵکی کۆیەیە و دەرمانسازە. یاسەمین، خۆیشی دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیایە.
بەربژێرە کوردەکە بەشێکی ئەندامانی پارتەکەی بە "رەگەزپەرستی" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بەمدواییانە لە دژی پارتەکەم وەستامەوە بەهۆی ئەو مامەڵەیانەوە کە وەکو ژنێکی کورد بەرامبەر منیان دەکرد: "من شەڕ لەپێناو گۆڕانکاریدا دەکەم. بە وەستانەوە لە دژی پارتەکەم تەواوی پیشە سیاسییەکەمم خستە مەترسییەوە. ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئەمە بەرامبەر هیچ بەربژێرێکی دیکەی ژن نەکرێت."
ئەترووشی دەڵێت، ئەو پاشخانە کوردییەی ئەو هەیەتی، وایلێدەکات شەڕ لەپێناو ئەو کەسانەدا بکات کە لەبیرکراون و پەراوێزخراون.
ژنێکی دیکەی کورد کە بەربژێرە بۆ پەرلەمانی بەریتانیا، فێریاڵ کلارکە؛ تەمەنی 45 ساڵە و بە بنەچە خەڵکی مەلەتیی باکووری کوردستانە.
کلارک لە ساڵی 2019 لەسەر پارتی کاری بەریتانیا چووەتە پەرلەمان. ئەم ساڵیش بۆ جاری دووەم خۆی بەربژێر کردووەتەوە.
سەرباز بەرزنجی، ئەندامی پارتی کاری بەریتانیا و پارێزگاری ناوچەی لامبێرزی لەندەن بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی لە لەندەن راگەیاند: "لە پارتی ئێمەدا، تەنیا فێریاڵ بەربژێری کوردە و شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات. راستە لێرە [بەریتانیا] لەدایکبووە و ساڵانێکی زۆرە لەم وڵاتە نیشتەجێیە. بەڵام خوێن و پاشخانی هەر کوردە."
بەرزنجی دەشڵێت، کلارک چانسی دەرچوونی "زۆر بەهێزە. ئێمە پشتگیری دەکەین و کامپەینیشمان بۆ کردووە. پێمانوایە بۆ راگرتنی باڵانس، کەسی وەکو فێریاڵ لە پەرلەمان هەبن."
ئەو ئەندامەی پارتی کاری بەریتانیا دەشڵێت، کوردەکانی بەریتانیا بەسەر زۆربەی پارتە سیاسییەکانی بەریتانیا دابەش بوون: "هەموو رەوەندی کوردی سەر بە یەک پارت نییە و خەڵک بەپێی ئەو بیروباوەڕەی کە هەیەتی پشتگیری لەو پارتە دەکات."
لە هەڵبژاردنی پێشووی بەریتانیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو؛ دوو کورد توانییان بچنە پەرلەمان. یەکێکیان فێریاڵ کلارک و ئەودی دیکەشیان نەدیم زەهاوی بوو. زەهاوی لەسەر پارتی پارێزگاران چووە پەرلەمان و دواتر پۆستی باڵای لە حکومەت پێیدرا.
نەدیم زەهاوی، بە رەچەڵەک کوردی فەیلی، لە پۆستەکانی وەزیری دەوڵەت بۆ پەروەردە، وەزیری دارایی، وەزیری یەکسانییەکان، وەزیری پەیوەندییە نێوخۆییەکان و راوێژکاری دووقنشینی لانکاستەر خزمەتی کرد.
دوایین پۆستی حکومیی زەهاوی، وەزیری بێ وەزارەت بوو، کە پۆستێکە بە سەرۆکی پارتی فەرمانڕەوای بەریتانیا دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە کۆبوونەوەکانی حکومەتدا بەشدار بێت. دواتر بۆ ماوەیەک سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگارانی کرد.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی بەریتانیا پارتی کار، کە پارتێکی مەیلەو چەپە، زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت.
گرانی، خاوبوونی گەشەی ئابووری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران توڕە کردووە.
وردەکاریی هەڵبژاردنەکە لێرە بخوێنەوە.